گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمان دەتوانێت لێپرسینەوە لە سەرۆکی هەرێم بکات

سێشەممە پرۆژەیاسای سەرۆکایەتی هەرێم خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت

2019.03.31 - 18:36
سێشەممە پرۆژەیاسای سەرۆکایەتی هەرێم خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت

ناس كورد- ئه‌حمه‌د مسته‌فا

 

بڕیارده‌ى لیژنه‌ى یاسایی په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ڵێت، به‌پێى هه‌موارى نوێى یاسای سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، په‌ڕله‌مان ده‌سه‌ڵاتى وه‌رگرتنه‌وه‌ى متمانه‌ و  لێپرسینه‌وه‌ى له‌ سه‌رۆكى هه‌رێم هه‌یه‌، جەختیشدەکاتەوە ده‌توانرێت له‌ دانیشتنى دووه‌مدا پڕۆژه‌ یاساكه‌ ده‌نگى له‌سه‌ر بدرێت و بكرێته‌ یاسا.

 

ئەمڕۆ لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی پرۆژەیاسای سەرۆکایەتی هەرێم کۆبووەوە، جه‌لال محه‌مه‌د، بڕیارده‌رى لیژنه‌ى یاسایی په‌رله‌مانى كوردستان به‌ ناس كورد-ى ڕاگه‌یاند، له‌ كۆبونه‌وه‌ى لیژنه‌ى یاسایدا پڕۆژه‌ پێشنیازكراوى هه‌موارى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمی به‌كۆى حه‌وت ده‌نگ پاش په‌سه‌ندكردن و وه‌ك خۆى ئاڕاسته‌ى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان کردەوە، وتیشی: "بۆ گرێدانى دانیشتنى دووه‌م له‌سه‌ر پڕۆژه‌كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ نوێنه‌رى فراكسیۆنه‌كانى یه‌كێتى به‌ دوو ده‌نگ و كۆمه‌ڵ و نه‌وه‌ى نوێ ده‌نگیان به‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا نه‌دا".

 

بڕیاردەری لیژنەی یاسایی باسی لەوەش کرد یه‌كێتى و كۆمه‌ڵ پێیان وابووه‌ ده‌بێت هه‌موارى نوێى یاساكه‌ هاوشێوه‌ى سیستمى سه‌رۆكایەتی عێراق بێت، وتیشی: "ئه‌وان پێیان وابووه‌ ده‌بێت ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێم كه‌مبكرێته‌وه‌ و له‌ لیژنه‌ى یاساىى قسه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانى بكرێت، به‌ڵام لیژنه‌ى یاسای ڕایگه‌یاندووه‌، ده‌كرێت له‌ناو دانشتنى دووه‌مى په‌رله‌مان ده‌ستكارى بڕگه‌ و مادده‌كانى پڕۆژه‌ یاساكه‌ بكرێت و لیژنه‌ى یاسایی گرفتێكى ئه‌وتۆى له‌ پڕۆژه‌ پێشنیازكراوه‌كه‌ نه‌بینیوه‌".

 

"ده‌كرێت له‌ دانیشتنى دووه‌مدا كه‌ بڕیاره‌ ڕۆژى سێشه‌ممه‌ په‌رله‌مان كۆببێته‌وه‌ بۆ هه‌موارەکە، پاش په‌سه‌ندكردنى بڕگه‌ و مادده‌كانى، ده‌نگ له‌سه‌ر ته‌واوى یاساكه‌ بدرێت ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ى په‌یڕه‌وى ناوخۆ نییه‌ و له‌سه‌ر بڕیارى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان وه‌ستاوه،" ئەوەش بە وتەی بڕیاردەری لیژنەی یاسایی.

 

ده‌رباره‌ى ناوه‌ڕۆك و ڕێكاره‌كانى هه‌موارى نوێ، جه‌لال محه‌مه‌د ئاماژەی بۆ ئەوەکرد هه‌ریه‌ك له‌ یاساكانى دابه‌شكردنى ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێم له‌ 2017 و هه‌ڵپه‌ساردنى دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم له‌ ساڵى 2018 كۆتاییان پێدێت، "له‌ هه‌موارى نوێدا هه‌ر‌یەك له‌ مادده‌كانى یه‌ك و دوو ده‌ستكارى بڕگه‌كانى ده‌كرێت له‌ سیتسمى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك و یاساكه‌ كارا ده‌كرێته‌وه‌ و نابێت هیچ یاسایه‌ك پێچەوانەی ئه‌و بڕگه‌ و یاسایانه‌ بێت".

 

بەپێی پڕۆژەیاساکە، پەرله‌مانى كوردستان متمانه‌ ده‌دات به‌ سه‌رۆكى هه‌رێم و په‌رله‌مان ده‌توانێ لێپرسینه‌وه‌ له‌سه‌رۆكى هه‌رێم بكات و متمانه‌ى لێوه‌ربگرێته‌وه‌ به‌ده‌نگى سێ له‌سه‌ر چوارى ئه‌ندامه‌كانى و  له‌هه‌ر كاتێكدا پێویست بكات، ئه‌ندامانى په‌ڕله‌مان ده‌توانن داواكارى پێشكه‌شبكه‌ن بۆ  بانگهێشتى  سه‌رۆكى هه‌رێم بۆ په‌ڕله‌مان و لێپرسینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ بكرێت.

 

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌، په‌ڕله‌مانى كوردستان كارنامه‌ى كۆبونه‌وه‌ى ژماره‌ 4ى ئاسایی بڵاوكردۆته‌وه‌ و ڕایگه‌یاندووه‌، له‌دانیشتنه‌كه‌دا خوێندنەوەی دووەمی (پێشنیازی یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ـ عێراق و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تا پەسەندكردنی دەستوور) و خستنەرووی راپۆرتی لیژنەی یاسایی بەپێی حوكمی ماددەكانی (87 و89) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.