گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

تەنها پڕوپاگەندەی قاچاخچییەکانە

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران: هیچ وڵاتێک دەروازەی بۆ پەنابەران نەکردۆتەوە

2019.03.31 - 15:05
دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران: هیچ وڵاتێک دەروازەی بۆ پەنابەران نەکردۆتەوە

 

 

ناس کورد- شەهرام عەزیز

سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەرانی هەرێم، دەنگۆی کردنەوەی سنورەکانی وڵاتانی ناوچەی بەلکانی ئەوروپای بەڕووی پەنابەراندا ڕەتکردەوە و ڕاگەیاند، تەنها پڕوپاگەندەی قاچاخچییەکانە، هاوکات داواش لە هاوڵاتیانی هەرێم دەکات خۆیان بە دووربگرن لە چونیان بۆ ئەوروپا بە قاچاخ.

 

ماوەی چەند هەفتەیەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی کردنەوەی سنورەکان بەڕووی پەنابەراندا بۆ کۆچکردنی نایاسایی بەرەو ئەوروپا بڵاوبووەتەوە، بەڵام ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەرانی هەرێم ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە و تایبەت بە ناس کورد ڕایگەیاند: "ئەو دەنگۆیانە هیچ ڕاستییەکی تێدانییە و هیچ سنورێک نەکراوەتەوە، ئەوە تەنها پڕوپاگەندەی قاچاخچیەکانە و بۆ قازانجی خۆیان ئەو دەنگۆیانە بڵاودەکەنەوە".

 

سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەرانی هەرێم وتیشی: "بەهۆی ئەو دەنگۆیانەوە جموجوڵێکی زۆر لە نێو هاوڵاتیاندا دروستبووە بەتایبەتی لە وڵاتی یۆنان، خەڵکێکی زۆر بەنیازی ڕۆیشتنن، بەڵام هێشتا ئەو جموجوڵە نەگەیشتووەتە هەرێمی کوردستان".

 

ئاری جەلال، داواشی لە هاوڵاتیانی هەرێم و کوردانی دانیشتووی کەمپەکانی یۆنان کرد، خۆیان بەدوور بگرن لە جموجوڵ بەرەو وڵاتانی ئەوروپا، چونکە بەدواداچوونمان کردووە و ڕێگە بەهیچ کەسێک نادرێت بەشێوەی نایاسایی سنورەکان ببڕێت.

 

بەلکان ناوچەیەکی جوگرافییە لە ئەوروپا، وڵاتەکانی کرواتیا، ئەلبانیا، بولگاریا، سڕبیا و مەگدۆنیا و چەند وڵاتێکی تری ئەوروپا دەکەونە سنورییەوە.