گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: بەردەوام دەبین لە داواکردنی جێبەجێنەکردنی سزاکانی سەر ئێران

2019.03.31 - 11:08
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: بەردەوام دەبین لە داواکردنی جێبەجێنەکردنی سزاکانی سەر ئێران

 

ناس کورد-

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند بەردەوام دەبن لە داواکردن لە ئەمریکا بۆ لیخۆشبوون لە عێراق بۆ ئەوەی سزاکانی سەر ئێران جێبەجێنەکات، دەشڵێت، لە ئێستادا عێراق ناتوانێت دەستبەرداری هاوردەکردنی پێداویستییەکانی بێت لە ئێرانەوە. 

 

محەمەد حەلبوسی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت ڕایگەیاند، لە بارەی سزاکانی سەر ئێران گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا کردووە، داوای ئەوەی لێکردوون کاتی زیاتر بە عێراق بدەن بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی دروست بکاتەوە و توانا و بەرهەمەکانی زیادبکات، تا بتوانێت دەست هەڵبگرێت لە هەر سەرچاوەیەکی وزەی دەرەکی کە گەلی عێراق پێویستی پێیەتی.

 

حەلبوسی ئاماژەی بەوەشکردووە: "عێراق پشت دەبەستێت بە ئێران، لە وەرگرتنی گازی سروشتی و وزەی کارەبا، لەگەڵ بەرپرسە ئەمریکییەکاندا گفتوگۆمان کرد، لە بارەی ئەو پرۆژانەی لەو بوارانە لە نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و ئێراندا گرێبەستیان لەسەر کراوە".

 

"ئەو پڕۆژە و گرێبەستانەی لە گەڵ ئێراندا واژوو کراوە بە سێ هەنگاو کۆتایی دێت، ماوەی سێ ساڵیشی دەوێت بۆ کۆتایی هاتنیان، ناکرێت کە سزایی قورسی لەم جۆرە بەسەر عێراقدا بدرێت و دەبێت چارەسەرو جێگرەوەی بەزوترین کات بۆ بدۆزرێتەوە" سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وای وت.

وتیشی: "عێراق بەردەوام دەبێت لە داخوازی لێخۆشبوون لە جێبەجێکردنی سزاکانی سەر ئێران".

ئەمە لە کاتێکدایە سزاکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران چەندین وڵات زەرەرمەند دەکات، بەهۆی ئەوەی کە ئەمریکا ئاشکرای کردووە سزای ئەو وڵاتانە دەدات کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتی ئێران دەکەن.