گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە

ئێران؛ هۆشداری لە دروستبوونەوەی لافاوی مەترسیدار دەدرێت

2019.03.31 - 09:51
ئێران؛ هۆشداری لە دروستبوونەوەی لافاوی مەترسیدار دەدرێت

 

 

ناس کورد-

لەگەڵ بەردەوامی بارینی باران لە وڵاتی ئێران، هۆشداری بە سەرجەم شارەکانی ئەو وڵاتە دەدرێت لە دووبارە دروسبوونەوەی لافاوی لە ڕابردوو مەترسیدارتر.

 

ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە باران بارینێکی زۆر، شارەکانی وڵاتا ئێرانی گرتووەتەوە و بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو، زەرەر و زیانێکی زۆری گیانی و ماددی بەدوادا هاتووە.

 

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی ئەو وڵاتە  باران بارین بەتایبەتی لە رۆژئاوا و باشوری وڵاتەکە تا ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت، بۆیە لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانی ئێرانەوە هۆشداری توند دراوە بە هاوڵاتییان لە دروستبوونەوەی لافاوی مەترسیدارتر لە ڕابردوو.

 

هەروەها بەڕێوەبەری گشتی کەشناسی ئێران، پێیوایە کە باری نائاسایی لە 14 شاری ئێران ڕابگەیەندرێت، کە لە ماوەی ڕابردوودا ڕوبەڕوی زیانی زۆر بوونەتەوە لە لافاوەکانی ئێراندا.

 

هاوکات، بەیانی ئەمڕۆ دەیان گوندی سەر سنوری نێوان ئێران و عێراق بەهۆی مەترسی لافاوەوە ماڵەکانیان چۆڵکردووە.

 

بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکانی ئێران، ماوەی 10 ساڵە بەشێوەی ئەمساڵ باران نەباریوە و بەپێی دوا ئامار ژمارەی قوربانییەکانی لافاوەکانی هەفتەی ڕابردوو، بەرزبووەتەوە بۆ 45 کەس.

 

بارینی بارانی بەخوڕ و لافاو تەنها کاریگەری لەسەر وڵاتی ئێران خۆی دروست نەکردووە، بەڵکو ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی ئەو وڵاتە ناچار بێت ئاوی بەنداوەکانی بەربداتەوە بەشێکی زۆری ئەو ئاوەش بەرەو هەرێمی کوردستان دێت، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاوی زێی بچوک و ڕووباری سیروان.

پێشتریش لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم هۆشدارییان بە هاوڵاتیان داوە لە بەرزبوونەوەی ئاوی ئەو ناوچانە بە هۆی بەردانەوەی ئاوی بەنداوەکانی ئێران.