گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

کاردانەوەی جیاوازی فراکسیۆنەکان دوای دانیشتنەکەی ئەمڕۆ

پڕۆژەیاسای سەرۆکایەتی هەرێم ناکۆکی نێوان فراکسیۆنەکان توندتر دەکاتەوە

2019.03.30 - 17:20
پڕۆژەیاسای سەرۆکایەتی هەرێم ناکۆکی نێوان فراکسیۆنەکان توندتر دەکاتەوە

 

 

ناس کورد-

 

پاش کۆتاییهاتنی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان کە تێیدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای سەرۆکایەتی هەرێم کرا، کاردانەوەی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان جیاوازبوون و هەندێکیان هەنگاوەکەی ئەمڕۆیان بە گرنگ وەسف کرد و بەشێکیشیان ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد کە سەرۆکایەتی پەرلەمانی گوێیان بۆ ناگرێت.

ئەمڕۆ بەبێ ئامادەبوونی فراکسیۆنی یەکێتی، پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای سەرۆکایەتی هەرێم کرد، لە دانیشتنەکەدا کە تەنها نیو کاتژمێری خایاند، هەریەک لە فراکسیۆنەکانی نەوەی نوێ، یەکگرتوو و کۆمەڵ دانیشتنەکەیان بەجێهێشت.

 

عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فرکسیۆنی کۆمەڵ لە کۆنگرەیەکی ڕؤژنامەوانیدا دوای دانیشتنەکەی پەرلەمان ڕایگەیاند: "ئێمە لە 26ی ئەم مانگەوە پڕۆژە یاسامان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم پێشکەشکرد، بەڵام پڕۆژەکەمان پێشکەشی لیژنەی یاسایی پەرلەمان نەکراوە، لە کاتێكدا پارتی و گۆڕان 28ی مانگ پڕۆژەکەیان پێشکەشکرد و زۆر بە خێرایی پڕۆژەکە پێشكەشی لیژنەی یاسایی کرا و بێ ئەوەی خوێندنەوەیەکی ورد بۆ خاڵەکانی بکرێت خرایە بەرنامەی کاری پەرلەمانیشەوە".

 

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ وتیشی: "ئەمەی ئەمڕۆ  و چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕوویدا لە پەرلەمانی کوردستان، سەرەتایەکی خراپە بۆ دۆخی سیاسی هەرێم و جێگەی مەترسییە".

 

عەبدولستار مەجید ئاماژەی بەوەشکرد، پرسی سەرۆکایەتی هەرێم لە ڕابردوودا هەرێمی تووشی کۆمەڵێک قەیران کرد و دەبوو وانە لەو هەڵانەی ڕابردوو وەربگریرێت، "نەوەک دووبارە بکرێتەوە، بۆیە ئێستاش ئەم پرسە دوابخرێت باشترە، تاوەکو گفتوگۆی هەمەلایەنەی لەسەر دەکرێت و سەرجەم لایەنەکان لەسەری ڕێكدەکەون".

 

لەلایەی دیکەوە دیاری ئەنوەر ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، پەیڕەی ناوخۆی پەرلەمان لەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە پێشێلکراوە، وتیشی: "لە کوێی دنیادا هەبووە پەرلەمان سەرۆک هەڵبژێرێت و نەشتوانێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات."

 

هاوکات ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە دوای دانیشتنەکەی ئەمرۆ ڕەتیکردەوە کە سەرۆکایەتی پەرلەمان لایەنگیری کردبێت ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەو پڕۆژە یاسایەی پارتی و گۆڕان لە لیژنەی یاسایی گفتوگۆی لەسەر کراوە و خراوەتە بەردەم سەرۆکایەتی پەرلەمان.

 

ئومێد خؤشناو وتیشی: "ئێستاش دەڵێین ئەم پرسە پرسێکی نیشتیمانییە و هیوادارین سەرجەم لایەنەکان بێنە پەرلەمان و گفتوگۆی یاسایی بکەین  و کۆدەنگی نیشتیمانی دروست بکەین".

 

سەبارەت بە چۆنێتی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەدا، لەم خولەدا سەرۆک لە پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت و بەهەمان دەسەڵاتەکانی ڕابردوویەوە، "دواتر لە کاتی هەموارکردنەوەی دەستوری هەرێم دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم دیاری دەکرێت و بڕیار لەوەش دەدرێت خولی داهاتوو سەرۆک لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت یاخود راستەوخۆ بە هەڵبژاردن".

 

سەبارەت بە زیادکردنی جێگرێک بۆ سەرۆکی هەرێم، ئومێد خۆشناو ڕەتیکردەوە کاری لەو شێوەیە بکرێت و ڕوونیکردەوە: "زیادکردنی جێگر بۆ سەرۆکی هەرێم بەهیچ شێوەیەک نابێت و لە یاساکەدا تەنها بوونی یەک جێگر ئاماژەی پێکراوە".

 

هەروەها عەلی حەمە ساڵح سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان ڕایگەیاند ئەوان وەک فراکسیۆنی گۆڕان پابەندی ئەو ڕێکەوتنەن کە بزووتنەوەکەیان لەگەڵ پارتیدا واژۆی کردووە.

لەبارەی بەشداریینەکردی فراکسیۆنی یەکێتیشەوە لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆ، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان وتی: "ئەگەر جێگرێک بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان زیادبکرێت و بدرێ بە یەکێتی، ئەوا کێشەیان لەگەڵ یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نییە."