گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

رۆڵی ئاسایشی هەولێر لەپرۆسەكەدا چی بووە؟

وردەكاری دەستگیركردنی خاوەن دورگە گەشتیارییەكەی موسڵ لەهەولێر

2019.03.30 - 15:35
وردەكاری دەستگیركردنی خاوەن دورگە گەشتیارییەكەی موسڵ لەهەولێر

ناس كورد- هەڤاڵ فەتاح

خاوەنی دورگە گەشتیارییەكەی شاری موسڵ كە لەژێر ئاوكەوتنی بەلەمێكدا چەند هاووڵاتییەك بوونە قوربانی و فەرمانی گرتنیان هەبوو، لەلایەن هێزێكی ئاسایشی شاری هەولێرەوە دەستگیركران.

لیوا تاریق نوری بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر تایبەت بەناس كورد-ی ڕاگەیاند "خاوەنە سەرەكییەكانی دوورگە گەشتیاریەكەی موسڵ ئێوارەی دوێنێ (هەینی) لەلایەن ئاسایشی هەولێر دەستگیركران".

لیوا تاریق نوری ئاماژە بەوەدەكات كەخاوەنی دورگە گەشتیارییەكە فەرمانی دەستگیركردنیان هەبووە لەلایەن دادگای شاری موسڵەوە و یەكێك لە دەستگیركراوەكان دانیشتووی شاری دهۆك و بەرەگەز عەرەب بووە و توانیوویانە لە ئەنجامی بەدواداچوونیان لە شاری هەولێر دەستگیری بكەن.

بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە هێشتا فەرمانی دەستگیركردنی پارێزگاری موسڵ كە لەلایەن دادگای موسڵەوە دەرچووە نەگەیشتۆتە بەڕێوەبەرایەتییەكەیان و هەر كات فەرمانی دەستگیركردنەكە بگات پارێزگاری موسڵ دەستگیر دەكەن و رادەستی دادگای دەكەن.

وتیشی "هەماهەنگییەكی زۆر باش هەیە لەنێوان ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و دەزگا ئەمنیەكانی حكومەتی فیدراڵی".

هاوكات عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەولێر، بە ناس كورد-ی وت "پۆلیسی هەولێر چاوەڕیێ‌ گەیشتنی فەرمانی دەستگیركردنی پارێزگاری نەینەوا نەوفەل عاكوب و یاردەدەرەكەیەتی لەلایەن دادگاوە".

بەوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر فەرمانی دەستگیركردنەكە تائێستا نەگەیشتۆتە بەڕێوەبەرایەتییەكەیان و هەر كات فەرمانەكە بگاتە دەستیان جێبەجێی دەكەن.