گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

چوار فراکسیۆن بڕیاری بەشداریکردنیان لە دانیشتنەکە نەداوە

پەرلەمانتارێكی پارتی: دانیشتنەکە لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدەین

2019.03.30 - 12:48
پەرلەمانتارێكی پارتی: دانیشتنەکە لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدەین

ناس کورد- شەهرام عەزیز

تا ئێستا چوار فراکسیۆنی پەرلەمانی كوردستان بڕیاری بەشداریکردنیان لە دانیشتنە چاوەڕوانكراوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستاندا نەداوە و پارتی دیموکراتی کوردستانیش سوورە لەسەر بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە لە وادەی خۆیدا.

وەیسی سەعید وەیسی، ئەندامی فرکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، تایبەت بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان دوا ناخرێت و لەکاتی خۆیدا بەڕێوە دەچێت و خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاسای کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم دەکرێت".

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارەی پارتی واژۆکردنی 68 پەرلەمانتار لەسەر پڕۆژە یاساکە ڕێژەی یاسایی تێپەڕاندووە و بەبێ بەشداری فراکسیۆنەکانی دیکەش دەتوانرێت دانیشتنەکە بەڕێوەبچێت، پرسەكەش بەپرسێكی نیشتیمانی دەزانێت و هیوادارە سەرجەم فراکسیۆنەکانی دیکەش بێن و بەشداری بکەن لە دانیشتنەکەدا.

وەیسی سەعید بەهانەی سوربوونی فراكسیۆنەكەی بۆ ئەنجامدانی دانیشتنەكەی ئەمڕۆ لەكاتێكدا كە هەریەك لەفراكسیۆنەكانی یەكێتی و نەوەی نوێ‌ و كۆمەڵ و یەكگرتوو بڕیاری بەشداریكردنیان نەداوە، بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە لە ڕووی یاساییەوە پێویستە دوای مانگێک لە یەکەمین دانیشتنی پەرلەمان، حکومەت پێکبهێندرێت.

دەشڵێت "وادەیەکی زۆر تێپەڕیوە و ناکرێت هەر چاوەڕوان بین و پێویستە ئەو لایەنانەش کۆتا بریاری خۆیان بدەن، چونکە هاوڵاتیان ئومێدیان بەم کابینە نوێیە هەیە و پێویستە پێکهێنانی چیتر دوا نەکەوێت".

هیواشیخواست پارتی و یەكێتی بگەنە ڕێکكەوتن و لایەنەکانی دیکەش بەشداری دانیشتنەکانی پەرلەمان و پێكهێنانی کابینەی حکومەت بکەن.

دوای ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوە، تا ئێستا یەکێتی و پارتی نەگەیشتوونەتە ڕێكەوتن لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی نوێی حکومەت، هەربۆیە ڕۆژی پێنجشەممە 28ی ئاداری 2019 پارتی و گۆڕان بەبێ یەکێتی پڕۆژەیەکی هاوبەشیان تایبەت بە کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد و ئەمڕۆش لەسەر ئەو پرسە دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوە دەچێت، تا ئێستاش فراكسیۆنەكانی یەکێتی، نەوەی نوێ، کۆمەڵ و یەکگرتوو بڕیاریان نەداوە بەشداری دانیشتنەکە بكەن.