گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

کورد ئێمەیان پاراست و لە ئامێزیان گرتین

ئه‌یاد عه‌لاوی: کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا کێشەیەکی ڕاستەقینەیە

2019.03.01 - 15:07
ئه‌یاد عه‌لاوی: کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا کێشەیەکی ڕاستەقینەیە

ناس کورد-

 

ئه‌یاد عه‌لاوی ڕایگه‌یاند نەک تەنیا لە ڕستەدا بەڵکو دەبێت بیسەلمێنن کە لەگەڵ کورد بران، جەختیشیکردەوە عێراق بۆته‌ گۆڕه‌پانی ناکۆکییە ناوخۆیی و هەرێمی و جیهانییەکان و حکومەتی عیراقیش هیچ ئامرازێکی بەهێزی نییە کە رووبەڕوویان ببێتەوە.

لە کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر ئەیاد عەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانی وەتەنی وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگه‌یاند: "ناتوانین بەم شێوەیە درێژە بە ژیان بدەین ئەگەر مەترسیمان له‌سه‌ربێت، دەبێت تاکی عیراق بەهێز بکەین و خۆشگوزەرانیان بکەین، هەموو کەلێن و بۆشاییەکان لەسەر ئاستی عیراق پڕبکەینەوه‌."

ئەیاد عەلاوی باسی له‌وه‌كرد، هەمیشە داوای لە هەموو وڵاتانی عەرەبی کردووە پاڵپشتی عێراق بکەن، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: "داوام لە تورکیا و ئێران کردووە سەقامگیری عێراق بپارێزن، چونكه‌ عیراق بۆته‌ گۆڕه‌پانی ناکۆکییە ناوخۆیی و هەرێمی و جیهانییەکان، عیراق بۆتە گۆڕەپانێک بۆ هەموو لایەنەکان کە کێشەکانیان لێرە یەکلایی بکەنەوە، حکومەتی عیراقیش هیچ ئامرازێکی بەهێزی نییە کە رووبەڕوویان ببێتەوە".


له‌ باره‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق، ئەیاد عەللاوی رایگەیاند: "کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا بەڕاستی کێشەیە، برایەتی نابێت تەنیا لە رستەیەکدا بێت بەڵکو دەبێت بیسەلمێنین کە بەڕاستی براین." وتیشی: "کورد لە هەرێمی کوردستان ئێمەیان پاراست و ئێمەیان لە ئامێز گرت، گەلی کورد فاکتەرێکی زۆر بەهێز بوون بۆ ئەوەی کۆتایی بە رژێم بهێندرێت، پشتیوانی هەموو لایەنە سیاسییە عیراقییەکان بوون، ئێستا کێشەکە روونە و لە دەستوور چارەسەر ناکرێت، 15 ساڵە باسی یاسای نەوت و گاز دەکەین بەڵام تاوەکو ئیستا چارەسەرنەکراوە، باس لە دابەشبوونی یەکسانی لە داهاتەکانی عیراق دەکەین بەڵام تاوەکو ئێستا چارەسەر نەکراوە، من لە گفتوگۆیەکم لەگەڵ برای بەڕێز و خۆشەویستم مەسعود بارزانی، کە چەند ساڵێک لەمەوبەر ئەنجامدرا گوتم ئەگەر یاسای نەوت و گاز جێبەجێکرا چی کێشەیەک دەمێنێتەوە، گوتی 85%ـی کێشەکان چارەسەر دەکرێن و ئەوەشی کە دەمێنێتەوە لەرێگەی دیالۆگەوە دەتوانین چارەسەری بکەین".

ئەیاد عەللاوی وتیشی: "بەداخەوە نازانین چۆن لەچوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵی کارەکانمان ئەنجام بدەین، تائیفەگەری سیاسی بەهەموو ماناکانیەوە ئەمڕۆی عیراق ماوەتەوە"