گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

فراکسیۆنی یەکگرتوو شەش پرۆژەیاسای پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە

2019.03.29 - 23:58
فراکسیۆنی یەکگرتوو شەش پرۆژەیاسای پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە

 

 

ناس کورد- شەهرام عەزیز

فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان شەش پڕۆژەیاسای پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە، ئەندامێکی ئەو فراکسیۆنەش ڕەخنە لە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەگرێت بەوەی پێش پڕۆژەیاساکانی ئەوان پڕۆژەیەکیان قبوڵ کردووە کە "جگە لە لایەنێکی دیاریکراو هیچ خزمەتێک بە هاوڵاتیان ناکات".

 

لە بارەی پرۆژەکانیانەوە ئیسماعیل عەلی ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: " شەش پڕۆژەیاسامان پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە، کە سەرجەمیان لە بەرژەوەندی هاوڵاتیاندان، بەڵام بەداخەوە پێش پڕۆژەیاساکانی ئێمە تەنها پڕۆژەیاسای کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان قبوڵکرا بۆ گفتوگۆ لەسەرکردن".

 

ئەندامەکەی فراکسیۆنی یەکگرتوو وتیشی: "پرسی زۆرینە  لە پەرلەماندا بەم شێوەیەیە و هەرلایەنێک زۆرینە بێت بە خواستی خۆی بۆ بەرژەوەندی خۆی کاردەکات، هەرچەندە پڕۆژەکانی ئێمە لە بەرژەوەندی خەڵکدایە و پڕۆژەی سەرۆکایەتی هەرێم بەوشێوەیە گرنگی بۆ ژیانی خەڵک نییە، کەچی ئەو پێشخرا".

 

"یەکێک لە پڕۆژەیاساکانمان تایبەتە بە گێڕانەوەی پێشینە و ئەو قەرزانەی حکومەت کە لای هاوڵاتییانە کە نەیدەنەوە سزا دەدرێن، بەڵام قەرزێکی زۆری هاوڵاتییان لای حکومەتە و ناشزانرێت کەی و چۆن دەیدەنەوە بە هاوڵاتیان، تا ئێستاش خەڵک لە قەیرانی داراییدایە و پێویستە چاوێک بەوەدا بخشێنردرێتەوە و زیادە نەچێتەسەر ئەو قەرزانە" ئیسماعیل عەلی وای وت.

 

یەکێکی تر لە پرۆژەکانی فراکسیۆنی یەکگرتوو، داواکردنی چاکسازییەکی گشتییە لە سەرجەم دامودەزگا و سێکتەرەکانی حکومەتدا، بەتایبەتی مووچەی بندیوار و وەرگرتنی بەرتیل و گەندەڵی لە دامودەزگاکاندا.

 

تا ئێستا چەندین فراکسیۆنی پەرلەمان، چەند پڕۆژەیاساییەکیان پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە، بەڵام سەرۆکایەتی پەرلەمان تەنها پڕۆژەیەکی هاوبەشی هەردوو فراکسیۆنی پارتی و گۆڕان-ی قبوڵ کردووە کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و دوێنێ پێنجشەممە پێشکەشکرا و قبوڵکرا.