گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاساکە دەکات

پڕۆژەیاسای سەرۆکایەتی هەرێم فراکسیۆنەکان کەرت دەکات

2019.03.29 - 23:33
پڕۆژەیاسای سەرۆکایەتی هەرێم فراکسیۆنەکان کەرت دەکات

ناس کورد- شەهرام عەزیز

بڕیارە سبەینێ پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی ژمارە (3)ی ئاسایی خۆی ئەنجام بدات و بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکەش خوێندنەوەی یەکەم  بۆ پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم دەکرێت، کە دوێنێ پێنجشەممە هەردوو فراکسیۆنی پارتی و گۆڕان پڕۆژەیەکی هاوبەشیان بە واژووی 68 پەرلەمانتار پێشکەش سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد بۆ ئەو مەبەستە.

 

پرۆژەکە جگە لەوەی فراکسیۆنی یەکێتی بەهۆی کێشەی پۆستەکانی لە کابینەی نوێی حکومەت واژووی نەکردووە و بەشدار نییە، هاوکات هەریەک لە فراکسیۆنەکانی نەوەی نوێ و کۆمەڵ و یەکگرتوو پڕۆژەیاساکەیان واژوو نەکرد، پێیانوایە ئەو پرسە پرسێکی نیشتیمانییە و پێویستی بە گفتوگۆی هەمەلایەنە و ڕێککەوتن هەیە، نەوەک بە زۆرینەی پەرلەمانی یەکلایی بکرێتەوە.

 

جگە لە پارتی و گۆڕان و کەمینەکان، تا ئێستا هیچ فراکسیۆنێک بڕیاری کۆتایی نەداوە کە سبەینێ بەشداری کۆبوونەوەکەی پەرلەمان دەکەن یاخود نا.

 

بە گوێرەی شیکارییەکی ناس کورد، واژووکردنی 68 پەرلەمانتار لە کۆی 111 پەرلەمانتار لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایەی دوێنێ پێنجشەممە پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرا، واتە 43 پەرلەمانتار لەگەڵ پڕۆژە یاساکەدا نین، ئەو 68 پەرلەمانتارە بە نزیکەیی نوێنەرایەتی 900 هەزار هاوڵاتی هەرێم دەکەن لە پەرلەمانی کوردستان، ئەو 43 پەرلەمانتارەشی کە پڕۆژە یاساکەیان واژوو نەکردووە نوێنەرایەتی نزیکەی 727 هەزار هاوڵاتی دەکەن.

 

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لە 30 ئەیلولی 2018دا بەڕێوەچوو، سێ ملیۆن و 85 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام ڕێژەی بەشداریکردن لە دەنگداندا ٪44 بوو، واتە ٪56ی هاوڵاتیان  بەشداری هەڵبژاردنیان نەکردووە کە دەکاتە نزیکەی ملیۆنێک و  600 هەزار کەس.

 

پارتی دیموکراتی کوردستان بەهۆی ئەوەی 45 کورسی پەرلەمانی هەیە و 11 کورسی کەمە نەتەواتییەکان و کورسییەکی لیستی سەردەم-یشی لەگەڵدایە و هاوکات لە پڕۆژەیاسای کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم، گۆڕان-یشی لەگەڵدایە، وادەبینرێت هەر پرۆژەیاسایەک پارتی پێشکەشی بکات بە زۆرینە تێبپەڕێنرێت.

 

ئەندامێکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان پێیوایە پرسێکی وەها نیشتیمانی ناکرێت بە بڕیار و پڕۆژەی دوو حیزب جێبەجێبکرێت.

سۆران عومەر لە لێدوانێکی تایبەتیدا بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "لە ڕابردوودا یەکێتی و گۆڕان وکۆمەڵ و یەکگرتوو پڕۆژەیان هەبوو بۆ هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، بەڵام پارتی ڕازی نەبوون و دەیانوت ئەو پرسە پێویستی بە ڕێککەوتنی نیشتیمانییە، بەڵام ئێستا لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا ڕێك پێچەوانەی ئەوە دەکەن".

 

لە لایەکی ترەوە ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان پێیوایە، پڕۆژەکە تەنها خزمەت بە پارتی دەکات و بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "پارتی سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکی حکومەت وەردەگرێت و کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم بە بێ ڕازی بوونی زۆرینەی لایەنە کوردییەکان، دژایەتی ڕەهەندی نیشتیمانییە و تەنها خزمەت بە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات".

 

بە گوێرەی زانیارییەکانی ناس کورد تا ئێستا فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، بڕیاری نەداوە کە بگەڕێتەوە دانیشتنەکان، هاوکات فراکسیۆنەکانی نەوەی نوێ و کۆمەڵ و یەکگرتووش کە بەشداری دانیشتنەکانی پێشووی پەرلەمانیان کردووە، لە ڕاوێژدان بۆ بایکۆتکردن یان بەشداری کردن لە دانیشتنەکەی سبەیدا، کە خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم دەکرێت.