کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد - شەهرام عەزیز
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە شاری هەولێر، عیماد ئەحمەد ڕایگەیاند، دوا پڕۆژەی خۆیان داوەتە پارتی و چاوەڕێی وەڵامی ئەو حزبەن.
کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە شاری هەولێر کۆتایی هات و عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی تایبەت بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسیدا تاوتوێی پێشنیازەکانی پارتی-مان بۆ پشکەکانمان لە کابینەی نوێی حکومەت کرد و پڕۆژەیەکمان ئامادە کرد، تایبەت بەو پرسە".
عیماد ئەحمەد ئاشکراشیکرد: "هەر ئەمشەو پڕۆژەکەیان داوەتە پارتی دیموکراتی کوردستان و چاوەڕوانی وەڵامی ئەو حزبەن".
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئەو دەنگۆیانەشی ڕەتکردەوە کە باس لە ڕێکەوتنیان دەکەن لەگەڵ پارتی و وتی، "بەهیچ شێوەیەک ڕێکنەکەوتووین لەسەر ئەو داخوازییانەی ئێمە دەمانەوێت".
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە کۆبوونەوەی هەردوولا دەکەن عیماد ئەحمەد وتی: "نازانین تاوەکو سبەینێ چی ڕوودەدات، چاوەڕوانی وەڵامی پارتی دەکەین".
مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کاتژمێر 6ی ئەم ئێوارەیە لە هەولێر کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی دوا کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتی و سەبارەت بە پشکەکانیان لە کابینەی نوێی حکومەت.