گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

مەکتەبی سیاسی یەکێتی بۆ تاووتوێکردنی ئەو پێشنیازانە لە کۆبوونەوەدایە

پارتی پێشنیازی نوێی خستووەتە بەردەم یەکێتی

2019.03.29 - 20:01
پارتی پێشنیازی نوێی خستووەتە بەردەم یەکێتی

 

 

ناس کورد- شەهرام عەزیز

ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان  ئاشکرای کرد، سەبارەت بە داواکانی یەکێتی لە کابینەی نوێی حکومەت پارتی دیموکراتی کوردستان پێشنیازی نوێی خستووەتە بەردەم یەکێتی.

 

لوقمان وەردی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی کوردستان بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا گفتوگۆ و 'پەیام' ناردن لەنێوان بەرپرسانی یەکێتی و پارتیدا هەبووە و تاڕادەیەک نزیکبوونەوە لە نێوان هەردوولادا هەیە".

 

"پارتی دیموکراتی کوردستان هەندێک پێشنیازی نوێی خستووەتە بەردەم یەکێتی سەبارەت بە شەراکەتی ڕاستەقینە و پۆستەکانمان لە کابینەی نوێ و ئێستا مەکتەبی سیاسی بۆ تاوتوێکردنی ئەو پێشنیازە نوێیانە لە کۆبوونەوەدایە"، لوقمان وەردی وا دەڵێت.

 

 

سەبارەت بە بەشداریکردنی فراکسیۆنی یەکێتی لە دانیشتنی سبەینێی پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمانتارەکەی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد، تا ئێستا بڕیاریان نەداوە بەشداری بکەن و چاوەڕوانی بڕیاری مەکتەبی سیاسی یەکێتین، وتیشی: "دوور نییە سبەینێ یاخود دوو سبەی یەکێتی و پارتی کۆببنەوە".

 

بڕیارە سبەینێ دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت و خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاسای کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم بکرێت، بەهۆی ڕێکنەکەوتنیشی لەگەڵ پارتی تا ئێستا یەکێتی بڕیاری نەداوە بەشداری کۆبوونەوەکە بکات.