گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەنگاوەکان خێرا دەکرێن بۆ کردنەوەی دەروازەی عەرعەر لە نێوان سعودیە و عێراق

2019.03.29 - 19:14
هەنگاوەکان خێرا دەکرێن بۆ کردنەوەی دەروازەی  عەرعەر  لە نێوان سعودیە و عێراق

 

ناس کورد-

دوای تێپەڕبوونی 30 ساڵ بەسەر داخستنیدا، عێراق و سعودیە هەنگاوەکانیان خێراکردووەتەوە بۆ دووبارە کردنەوەی دەروازەی عەرعەر-ی سەر سنوری هەردوو وڵات، بە ئامانجی زیادکردنی ئاڵوگۆری بازرگانی و چالاککردنەوەی بازاڕەکانی هەردوولا.

 

بەپێی سەرچاوەیەکی حکومەتی عێراقی کە بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاندووە: "بەغدا و ڕیاز ڕێککەوتن لە بارەی کردنەوەی دەروازەی 'عەرعەر' بە شێوەیەکی فەرمی لەماوەی دوو مانگدا، سعودیە بڕی 50 ملیۆن دۆلاری تەرخانکردووە بۆ نۆژەنکردنەوە و بەرەوپێشبردنی ئەو دەروازەیە، کە بە پلەی یەکەم تایبەت دەبێت بە ئاڵوگۆڕی شمەک لە نێوان هەردوو وڵات".

 

دەروازەی سنوری عەرعەر لە کاتی جەنگی کەنداو لە ساڵی 1991 داخراوە، ساڵانە ماوەیەکی کەم لە وەرزی حەجدا دەکرێتەوە بەڕوی ئەو کەسانەی بە نیازی ئەنجامدانی فەریزەی حەج سەردانی سعودیە دەکەن.

 

لە پاش کردنەوەی، ئەو دەروازەیە بە ڕێژەی %90 دەروازەیەکی بازرگانی دەبێت، چونکە سعودیە دەیەوێت دەرگایەک بۆ بە بازاڕکردنی بەرهەمە خۆراکی، کارەبای و بیناسازیەکانی لە ناو عێراقدا بکاتەوە، لەماوەی پێشوشدا سعودیە بانگهێشتی زیاتر لە 200 بازرگانی عێراقی کردووە بۆ ئەوەی سەردانی وڵاتەکەی بکەن.

 

لە پاش داخستنی دەروازەی سنوری عەرعەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان سعودیە و عێراق بە شێوەیەکی ئاڵۆز دەبوو، چونکە لە ڕێگەی وڵاتانی دیکەی دراوسێوە ئەنجام دەدرا، بەڵام بە کردنەوەی ئەو دەروازەیە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان ڕاستەوخۆ لە نێوان هەردوو وڵاتدا ئەنجامدەدرێن.