گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

دوای نیو سەدە بارەگای بارزانی سەرهەڵدەداتەوە

مەسعود بارزانی هەنگاو بۆ بوون بە مەرجەع لە کوردستانی گەورە دەنێت

2019.03.29 - 17:16
App store icon Play store icon Play store icon
مەسعود بارزانی هەنگاو بۆ بوون بە مەرجەع لە کوردستانی گەورە دەنێت

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد-

 

ئەو بارەگایەی کە دواین چالاکیی بروسکەی نسکۆی شۆڕشی ئەیلول بوو، ئێستا وردە وردە لەسەر دەستی مەسعود بارزانی نەشونما دەکات و جارێکی دیکە دەیەوێت دواین قسە لەسەر بابەتە چارەنووسسازەکانی هەرێمی کوردستان لەو بارەگایەوە بکرێت.

 

"بارەگای بارزانی" ماوەی چەند مانگێکە کارایە و وەک نووسینگەی تایبەتی مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئێستای پارتی دیموکراتی کوردستان کاردەکات و کار و چالاکییەکانی بڵاودەکاتەوە.

 

هەرچەندە پێشتر هەواڵی دەیان کۆبوونەوە و بروسکەی ماتەمینی بەناوی ئەو بارەگایەوە بڵاوکراوەتەوە، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کاتێک لەو بارەگایەوە وەڵامێکی توندی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق درایەوە، جارێکی دیکە ناوی "بارەگای بارزانی" وەک دەسەڵاتێکی باڵا هاتەوە بەر باس.

 

لە بابەتێکدا کە گۆڤاری گوڵان-ی ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕۆژی 6ی ئابی 2018 بڵاوکراوەتەوە، جگە لە ستایشکردنی ئەو ڕۆڵەی "بارەگای بارزانی" لە شۆڕشی ئەیلولدا هەیبووە، هاوکات داوای دووبارە دامەزراندنەوەی ئەو بارەگایە دەکرێت لەسەر دەستی مەسعود بارزانی، بەشێوەیەک دامەزراندنەوەی ئەو بارەگایە وەها وێنا دەکات کە "بۆ ئێستای كوردستان چارەسەری هەموو كێشەكانی بوارە جیاجیاكانی كۆمەڵگەی كوردستان بە كێشەی نێوان حزبە سیاسییەكانیشەوە" دەکات.

 

مەسعود بارزانی کە ماوەی 12 ساڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق بوو، لە ڕۆژی 1ی تشرینی دووەمی ساڵی 2017 دەستیلەکارکێشایەوە و لەو کاتەوە تەنها وەک سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ماوەتەوە، بەڵام دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ کەسایەتییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بەردەوامە و هیچی کەمتر نییە لەو کاتەی کە سەرۆکی هەرێم بوو. تەنانەت لە ئێستاشدا لەهەمان ئەو کۆشکەدا پێشوازیی لە میوانەکانی دەکات کە پێشتر وەک سەرۆکی هەرێم تێیدابوو.

 

"بارەگای بارزانی" مێژوویەکی دێرینی لە ناو پارتی دیموکراتی کوردستان و شۆڕشی ئەیلولی کوردستاندا هەیە، بەو پێیەی مەلا مستەفای بارزانی هەموو کاروبارەکانی لەڕێی ئەو بارەگایەوە بەڕێوەدەبرد، تا ئەو کاتەی لە ساڵی 1975 بە بروسکەیەک لەو بارەگایەوە کۆتایی بە شۆڕش هێندرا و مەلا مستەفا بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوت و تا دواجار هەر لەوێ لە ساڵی 1979 کۆچی دوایی کرد.

 

کیفاح مەحمود راوێژکارى مەسعود بارزانى بۆ کاروبارى راگەیاندن ئەو بارەگایە بە درێژکراوەی بارەگای بارزانی سەردەمی شۆڕشی ئەیلول دەزانێت و پێی وایە لە ئێستادا مەسعود بارزانی "مەرجەعە" بۆ هەموو گەلی کوردستان لە هەر چوارپارچەکە.

کیفاح مەحمود بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "بارەگای بارزانی مەرجەعیەتێکی سیاسیی و نیشتمانی و نەتەوەییە، لەبەر ئەوەی سنووری مەسعود بارزانی تەنها هەرێمی کوردستانی عێراق نییە، ئەو سیمبولێکە لە سیمبولەکانی گەلی کورد، بارزانی لە لایەن کوردەکانی سێ پارچەکەی دیکەشەوە قبوڵکراوە، بۆیە هەموو حزب و بزوتنەوە کوردییەکان لە سوریا، تورکیا و ئێران بۆ لای ئەم دەگەڕێنەوە و ڕاوێژی پێدەکەن و وەک مەرجەعیەتێکی سیاسیی و نەتەوەیی دەیبینن."

 

لە دوای کۆنگرەی هەشتی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لەساڵی 1970 لە ناوپردان بەسترا، هەریەک لە ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی بوونە ئەندامی بارەگای بارزانی و لەو کاتەشەوە تا نسکۆی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی 1975 ئەو بارەگایە بووە گرنگترین دامەزراوە لە ناو پارتیدا. هەموو بڕیارە چارەنووسسازەکان لە هەرێمی کوردستاندا لەو بارەگایەوە دەردەچوو.

بەڵام لە ئێستادا دیارنییە ئەندامانی ئەو بارەگایە کێن و بڕیارەکان چۆن دابەشکراون، بەوتەی ڕاوێژکارەکەی بارزانی، مەسعود بارزانی لەو بارەگایە وەک سەرۆکی پارتی، یاریدەرەر و ڕاوێژکار و فەرمانبەری هەیە کە لەگەڵیدا کاردەکەن.

 

ÙØªÙجة بحث Ø§ÙØµÙر ع٠ÙÛØ³Ø¹Ùد بارزاÙÛ ÙÛÙØ§ ÙØ³ØªÛÙØ§

 

بەبڕوای مەسعود عەبدولخالق، چاودێری سیاسی و سەرۆکی دەزگای ستاندەر دۆخی ئەو کاتەی مەلا مستەفا لە شۆڕشی ئەیلولدا بارەگای بارزانی دامەزراند، زۆر جیاوازە لە ئێستا، ئەو بە ناس کوردی وت: "ئەوکات بارزانی زۆر ڕازی نەبوو لە بەرپرسەکانی پارتی و کێشە و ناکۆکی لەگەڵیاندا هەبوو، بۆیە بەهۆی ئەو کێشانەی لەگەڵ بەرپرسانی حزبەکەی بارەگاکەی خۆی جیاکردەوە و زۆرینەی لێدوان و بەیاننامە و ڕێکەوتنەکانی خۆی بەناوی ئەو بارەگایەوە بوو نەوەک بە ناوی پارتی دیموکراتی کوردستان، تاوەکو ئێستا هیچ بەیانێکی مەلا مستەفام نەبینیوە بە ناوی پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاوبوبێتەوە، مەگەر لەیەک دوو حاڵەتدا نەبێت کە دەرکەوتووە خۆی ئاگادار نەبووە، واتە ئەو کاری خۆی بەتەواوی لە حزب جیاکردبووەوە".

 

سەرۆکی دەزگای ستاندەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە پێدەچێت لە ئێستاشدا مەسعود بارزانی بەهەمانشێوەی ڕابردوو زۆر لە هەڵسوکەوتی ئەندامانی مەکتەب سیاسیی و سەرکردایەتی پارتی ڕازی نەبێت، "بەڵگەی ئەوەش ئەوەیە کە کوڕێک و برازایەکی خۆی بۆ پۆستە باڵاکان دادەنێت و ئەوانی دیکە پەراوێز دەخات، کەواتە بەڕوونی دیارە کە متمانەی لەسەریان نییە، هەر لە چوارچێوەی نەبوونی ئەو متمانەیە پێدەچێت ئەو بارەگایەی دروست کردبێت".

 

مەسعود عەبدولخالق کە لەهەمان کاتدا یاساناسیشە جەختدەکاتەوە کە کردنەوەی ئەو بارەگایە سیفەتێکی ڕەسمی یاخود دەستوریی نابێت، "چونکە ئەوە بڕیارێکی حزبییە، هەرچەندە پێموانییە ئەو ڕۆڵەی مەلا مستەفا لەسەر ئاستی هەموو کوردستان بینی، کاک مەسعود بتوانێ ئەوە بکات، ئەوان زۆر جیاوازن، مەلا مستەفا کەسێکی حزبی نەبوو خۆی دەکردە موڵکی خەڵل، بەڵام کاک مەسعود زۆر بەرەو حزبی بوون دەچێت و حزبیانە بیردەکاتەوە، زۆربەی کێشەکان کە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە ڕوویدەدا کاک مەسعود لە هەموو لایەنەکانی دیکە توندتر بوو، بۆیە زۆر دوورە کاک مەسعود ئەو دەورە ببینێت، پێموانییە ئەو بارەگایە بتوانێت ئەو ڕۆڵە ببینێت کە لە ڕابردوودا بارەگای بارزانی دەیگێڕا".

 

 

کیفاح مەحمود جەخت دەکاتەوە کە بارەگای بارزانی هیچ پەیوەندییەکی نییە بە سەرۆکاتیی هەرێم و حکومەت و پەرلەمانەوە ئەوان بەپێی یاسا ئیشی خۆیان دەکەن، "بارەگای بارزانی نمایندەی ئیرادەی گەل و حزب دەکات."

 

"کاک مەسعود و پارتی خۆیان ئەو بارەگایەیان دروستکردووە و ناوێکیان بۆ داناوە، کەواتە پەیوەندی بەهیچ لایەنێکی دیکە نییە و دامەزراوەیەکی نیشتیمانی کوردستان نییە، کە پێناسەیەکی نیشتیمانی و دەستوری بۆ بکرێت بەڵکو پێناسەیەکی حزبی هەیە،" مەسعود عەبدولخالق وادەڵێت.

 

بارەگای بارزانی خاوەنی چەند هەژمارێکی فەرمییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک، ئینستاگرام و یوتیوب، لەوێدا نووسراوە کە بارەگای بارزانی، "پەڕەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە، ئامانجی پێکەوەبەستنی بارەگایە لەگەڵ هاونیشتمانییان، بۆ ئەوەی لەنزیکەوە ئاگاداری خواست و داواو تێڕوانینی خەڵکی کوردستان بێت."

 

هەژمارەکانی بارەگای بارزانی لە فەیسبووک و ئینستاگرام لە مانگی تشرینی یەکەمی 2018 دروستکراون، ئەوەش نزیکەی ساڵێکە دوای دەستلەکارکێشانەوەی مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم.