گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەمریكا كار بۆ وشككردنی هەناردەی نەوتی ئێران دەكات

2019.03.29 - 14:51
App store icon Play store icon Play store icon
ئەمریكا كار بۆ وشككردنی هەناردەی نەوتی ئێران دەكات

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد- هەڤاڵ فەتاح


بەرپرسانی ئەمریكا نیازی سەرۆكی ئەمریكایان لە فشارخستنە زیاتری سەر دەسەڵاتدارانی ئێران و سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئەو وڵاتە، ئاشكرا كرد.

بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاماژە بەوە دەكەن، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بەنیازەپاكێجێكی دیكە لە سزای نوێ‌ بەسەر كۆماری ئیسلامی ئێراندا بسەپێنێت و ئابڵۆقەی سەر ئەو وڵاتە زیاتر توند بكات.

بەوتەی بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ترەمپ لەسەرەتای مانگی ئایاری داهاتوو سزای سەر ئەو وڵاتە توندتر دەكات و وادەكات ئاستەنگی زیاتر بۆ ئابوری ئەو وڵاتە، دروست بێت.

ئەمریكا لەمانگی تشرینی دووەمی 2018 لە دوای شكستهێنانی دانوستانەكان لەگەڵ ئێران سەبارەت بە پرۆگرامە ئەتۆمیەكانی ئەو وڵاتە، بڕیاری ئەوەیدا سزای ئابووری ئەو وڵاتە بدات و رێگری بكات لەفڕۆشتن و هەناردەكردنی نەوتەكەیی و لەپێناوی راگرتنی هاوسەنگی لەنرخی نەوت لەجیهاندا و بەرزنەبوونەوەی نرخەكەی، هەریەك لەوڵاتانی (چین، هیندستان، ژاپۆن، توركیا، ئیتاڵیا، یۆنان، كۆریای باشوور و تایوان)ی لەو سزایانە بەخشی.

بەپێی سەرچاوەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سزا نوێیەكانی ئەمریكا بریتی دەبێت لە چاودێریكردن و ئابڵۆقەدانی زیاتری سوپای پاسداران و بانكی (الانصار)ی وەزارەتی بەرگری ئێران و ئەو كۆمپانیانەی كە كاریان كردووە لەگەڵ ئەو دەزگایانە و بلۆككردنی سامانەكانی كە بەوتەی بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوی ئەمریكا ئەو كۆمپانیایانە ڕۆڵێكی گەورەیان هەبووە لە پارەداركردنی ئێران بەزیاتر لە یەك ملیار دولار.

ئەمە جگە لەوەی كە بەرپرسانی ئەمریكا لەهەوڵی ئەوەدان رێژەی هەناردەكردنی نەوتی ئێران لەبازاڕەكانی جیهان بكەن بە سفر و وشكی بكەن و دژی ئەوەن جارێكی تر هیچ وڵاتێك ببەخشرێت لەكڕینی نەوتی ئێران.