ناس كورد-
بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوە ئاوییەكانی كەركوك نووسراوێك ئاراستەی ئیدارەی پارێزگای شارەكە كردووە و هۆشداری لەدروستبوونی گەورەترین لافاو لەشارەكە دەدات.
لەنووسراوەكەی بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوە ئاوییەكانی كەركووك كە وێنەیەكی دەست (ناس كورد) كەوتووە پێشبینی بەهێزترین باران و دروستبوونی گەورەترین لافاو لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو، دەدات.
نووسراوەكە كە ئاراستەی ئیدارەی پارێزگای كەركوك كراوە، ئاماژە بەوە دەكات بەهۆی بارینی بارانێكی بەخوڕ لە رۆژانی 30 و 31ی ئەم مانگە، كە دەكاتە رۆژانی شەممە و یەكشەممەی هەفتەی داهاتوو، پێشبینی دەكرێت ئاستی ئاو لە زێی بچووك بەرز بێتەوە و بەو هۆیەوە لافاوی گەورە درووست بێت.
جەختیش لەسەر ئەوە كراوەتەوە "زۆرترین كاریگەری ئەو لافاوە لە سەر سنووری پردێ و دوبز تا گەیشتنی ئەو زێیە بە رووباری دیجلە لە قەزای بێجی دەبێت".
نووسراوەكە روونیدەكاتەوە، بەهۆی پڕبوونی بەنداوی دوكان و سەرڕێژبوونی ئاو لە بەنداوەكە، پێشبینی دەكرێت، بە درێژایی مانگی نیسان مەترسی روودانی لافاو بەردەوام بێت.
داواش لە ئیدارەی ئەو قەزا و ناحیانە دەكات، هاووڵاتیان لە مەترسییەكان ئاگادار بكەنەوە و دەستبەجێ كەناری زێی بچووك چۆڵ بكەن.