گه‌ڕان

Shadow Shadow

خوێنی ڕژاوی پرتەقاڵ

2019.12.23 - 09:44

بیروڕا- عەزیز ڕەئووف . کێ شاری ناشرین کردووە، بەرپرسێکی ڕەزا گران یان سێوفرۆشێکی خاوەن کەرامەت؟ کێ دیمەنی سەر شەقامەکانی ناشرین کردووە؟ ڕەوە ئۆتۆمبیلەکانتان کە وەک دز بەخێرایی دەڕۆن و ناوێرن تێکەڵ خەڵک بن، بەرپرسی شار کە بەناو ئۆپۆزسیۆنە و هەر خەریکی ڕەسمگرتنە، یان سێو و پرتەقاڵ و هەناری گوڵ بەدەم؟ . میوەفرۆشێک بە خۆی و سێو و پرتەقاڵەکانیەوە شاری پڕ کردووە لە بۆنی خۆش و خێزانێکی شەرەفمەندیش بەخێو دەکا، خۆ وەک ئێوەی بەرپرسی ڕەزاقورس نیە وەک بەعس بە خۆتان و شۆفڵ و چەکدارەکانتانەوە، سێو دەپلیشێننەوە، هەنار دەپرژێنن و پرتەقاڵ پان دەکەنەوە. . ئێوە دیمۆگرافیای شارتان تێکداوە، ئێوە شارتان ئەتک کردووە، ئەوەی ئەم شارە جوان دەکا کرێکاری خاوەن کەرامەت و میوەفرۆشی خاوەن شکۆ و دەستی زبری ئەو مرۆڤانەن کە دەیانەوێت بە کەرامەتەوە بژین. . ئایا گومانتان هەیە کەسانێک مابن بە کەرامەتەوە بژین؟ گومانتان هەیە کە کەسانێک ماون لەبەر گەرما شوتیەکانیان دڵ فێنک دەکاتەوە و لە زستاندا بە هەنارێکی گوڵ بەدەم بەهارمان بۆ دێنن؟ گومانتان هەیە زۆرن ماون کە وەک کۆیلە و بن دیوار و چەکدارەکانتان بۆتان نایەنە سەرچۆک و چاوەڕێی لەتەنانی ئێوە ناکەن کە بۆیان هەڵبدەن؟ . ڕۆژێک کەس نا، تەنها میوەفرۆشەکان تۆڵەی سێوی پلیشاو و هەناری پرژاو و خوێنی پرتەقاڵی سەرشەقامەکانتان لێ دەکەنەوە. .