گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەو كەسەی وێنەی كچەكەی سلێمانی بڵاوكردەوە دەستگیركرا

2019.03.28 - 21:00
ئەو كەسەی وێنەی كچەكەی سلێمانی بڵاوكردەوە دەستگیركرا

ناس كورد-

بەهۆی سكاڵای كچێكەوە كە وێنەكانی لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرابوەوە، هێزەكانی پۆلیسی سلێمانی كەسێكیان دەستگیركرد و بەبڕیاری دادوەر بەپێی مادەی خراپ بەكارهێنانی مۆبایل، راگیراوە.

لەراگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی كە وێنەیەكی دەست (ناس كورد) كەوتووە، ئاماژە بەوە كراوە هێزەكانی بنكەی پۆلیسی هەواری شاری سەر بەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی تۆمەتبارێكی دەستگیركردوە كە هەستابوو بە بڵاوكردنەوەی وێنەكانی كچێك لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.

بەپێی راگەیەندراوەكە پاش ئەوەی كچێك لە بنكەی پۆلیسی هەواری شار سكاڵای لەدژی تۆمەتبار (ع.ع.م ) تۆماركرد كە هەستاوە بە بڵاو كردنەوەی وێنەكانی بەشێوەیەكی ناشرین لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەر هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردو ئەمڕۆ 28ی3ی2019 تۆمەتبار دەستگیركرا و دەركەوت كە پێنج فەیس بووك و ئینستاگرامێك و چوار ڕەقەم مۆبایل و سێ‌ نازناوی هەیە كە بەكاری هێناون بۆ چەواشەكردنی هاوڵاتیان.

راگەیەندراوەكەی پۆلیس جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە لەئێستادا تۆمەتباری ناوبراو بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 2ی خراپ بەكارهێنانی مۆبایل، ڕاگیراوە.