گه‌ڕان

Shadow Shadow

ئەگەر ئەو پەیڕەوە پەسەند بكرێ‌ !

2019.12.20 - 18:28

بیروڕا- سوپا سەلام . لەسەروبەندی ئەنجامدانی كۆنگرەی چوارەمی (ی. ن. ك)دا، رەشنوسی پەیڕەوی حزب كە لەلایەن لیژنەی باڵای پەیڕەوی ناوخۆوە ئامادەكراوە سەرنجی راكێشام، ئەگەرچی ئەم بەندەی خوایە چانسی بوون بە ئەندامی كۆنگرەی نەبوو هەتا لەوێندەرێ‌ بەسەرمدا تێپەڕ نەبێ‌، بەڵام دەیان هەزار شەهیدی وەك براكانم و هەزارەها زیندانی سیاسی وەك دایك و باوكم دەمجوڵێنن لە هەمبەر رەشنوسی پرۆژەیەك كە چارەنوسی خەبات و قوربانیدانی سەدان هەزاری وەك ئێمەی لەسەر بەندە. . خوێندنەوەیەكی تاقەت پڕوكێنە ماددە بە ماددەی رەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆ لێرەدا شرۆڤە بكەین، بەڵام خۆ دەكرێت پەنجە بخەینە سەر هەندێ‌ تەوەر كە مایەی هەڵوەستە لەسەر كردنە، لەبیریشمان نەچێ‌  كۆنگرە و كۆنفرانسەكانی ئەم ناوچەیە هێند فۆكس دەخرێتە سەر ئەو ماددانەی پەیوەندیدارن بە لوتكەی هەڕەمەكە، نیو هێندە لەسەر پەیام و گوتار و ستراتیجی كاری داهاتوو نیە، چونكە سەرەنجامی كۆنگرەی كوردی شینەكە بۆ هەریسەكەیە نەك بۆ حسن و حسین، لەوانەش بەشی چوارەم كە تایبەتە بە(ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی). . لەماددەی یەكەمی ئەم بەشەدا هاتووە كە (ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی پێكدێت لە 121 ئەندام كە لە كۆنگرە هەڵدەبژێردرێن)! جێی خۆیەتی بپرسین بۆ 121 كەس؟ ئایا لە رووی تەشكیلیەوە حزب  مەخلوقێكی عەجیبی لێدەرناچێت كە خاوەنی سەرێكی زل و لاشەیەكی بچوك بێت؟ . چونكە ئەنجامی هەڵبژاردنە یەك لە دووا یەكەكان ئاماژەن بۆ بچوكبوونەوەی لاشەكە نەك گەورە بوونی، لەسەر ئاستی عیراق لە هەردوو هەڵبژاردنی (2014 و 2018) زیاتر لە (230 هەزار) دەنگی حزب كەمی كردووە، هاوكات لەسەر ئاستی هەرێمیش لە هەر دوو هەڵبژاردنی (2013 و 2018) زیاتر لە (30 هەزار) دەنگ كەمی كردووە ئەمە وێڕای ئەوەی چوار نەوەی دیكە بەشداری لە پرۆسەی دەنگداندا كردووە و، لەو ماوەیەشدا دوو پرۆسەی یەكگرتنی حزبی ئەنجامدراوە لەگەڵ (حزبی ئایندە، بەشێكی دیاری حزبی زەحمەتكێشان). ئەگەر ئەم ئەنجامانە گوزارشت بن لە لاشەی حزبەكە پێویستی بەو سەرە زلە چیە؟. . لەلایەكی دیكەوە ئەو ژمارە زۆرەی (ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی) بارگرانیی ئابووری لەسەر دارایی حزب دروست دەكات كە رۆژانە گوێمان بە گلەیی و نارەزایی كادر دەزرینگێتەوە لە خراپی گوزەرانیان، چونكە تەنها بۆ مووچەی یەك خولی ئەم ئەنجومەنە (ئەگەر تەنها سێ‌ ساڵ بێت) زیاتر لە (8ملیار) و  (710 ملیۆن) دینار خەرجی سەربارەكی لەسەر ئیدارەی گشتی زیاد دەبێت، ئەمە جگە لەوەی كە دابینكردنی تەنها یەك ئۆتۆمبێلی شایستە بۆ ئەم (121هەڤاڵە) كە بە سادەیی حسابمان كردووە نزیكەی (4 ملیار ) و (390 ملیۆن) دینار دەكات، ئەمە جگە لە نەسریە و پاسەوان و دابینكردنی شوێن!. . رەنگە بەشێك لە هەڤاڵان دڵگرانبن بەم شرۆڤەیە بەو پێیەی دەیانەوێت بەشێكی دیاربن لە بڕیارەكانی حزب و ئەو هەلەیان بەرتەسك ببێتەوە،بەڵام وەك بەر پرسیارێتیەك بۆ خەبات و قوربانیدانی خانەوادەكەم و هەروەها ئابووری ناسێك كە ئەمانەتێكی زانستی لە ئەستۆمە، دەتوانم بڵێم دۆخێكی مەترسیداری (دارایی و كارگێڕی) چاوەڕێی ئەم حزبە دەكات ئەگەر بێت و پێكهاتە باڵاكەی بەو شێوەبێت. . لە رووی داراییەوە بودجەیەكی زەبەلاح بۆ خەرجیە دووبارەكیەكان (نفقات جاریە) دەڕوات، هەروەها لەرووی كارگێریەوە توانای بڕیاردان و ئیدارەدانی كۆبوونەوەكان زۆر قورس دەبێت، چونكە تەنها بۆ (3دەقیقە)ی بەشداری هەر ئەندامێك بۆ یەك تەوەرەی كۆبوونەوەیەكی ئاسایی زیاتر لە (6 كاتژمێر)ی پێویستە، ئەگەر خوا نەكردە چەند تەوەرێك بێت ئەوا كۆبوونەوەكە هەفتەیەك بە كراوەیی دەبێت و كۆتایی نایەت. .