گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەڵگە دۆزراوەكانی هەولێر چ نهێنیەكی داعشی ئاشكرا كرد؟

پارە و ئاڵتون و سامانی داعش چی لێهات؟

2019.03.28 - 16:25
App store icon Play store icon Play store icon
پارە و ئاڵتون و سامانی داعش چی لێهات؟

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد – فوئاد عەبدوڵا

گۆڤارێكی ئەمریكی راپۆرتێكی لەبارەی چارەنووسی پارە و ئاڵتون و سامانی رێكخراوی داعش بڵاوكردەوە و ئاشكرای كردوە "ڕێكخراوی داعش توانیویەتی بڕێكی زۆری پارە و ئاڵتون لە سوریا و عێراقەوە بگوازێتەوە توركیا".

گۆڤاری ئەتلانتیكی ئەمریكی لەسەر زاری بەرپرسێكی عێراقی كە نەیویستوە ناوی ئاشكرا بكرێت، ئاماژە بەوە دەكات "ستراتیژیەتی ئابوری نوێی داعش دوای ڕوخاندنی "خەلافەت"ەكەی لە عێراق و سوریا گۆراِوە و بەشێكی زۆری داهاتی ڕێكخراوەكەی لە ئاڵتون و پارە گوستۆتەوە بۆ توركیا و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەش چاوپۆشیان لێكردووە بەو پێیەی پێشتر داعش نەوتی دزراوی بەهاوبەشە توركەكانی فڕۆشتبوو و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوانیاندا هەبووە".

ئەتلانتیكی ئەمریكی روونیدەكاتەوە "لە تشرینی یەكەمی 2018 لە سنوری هەولێر لە یەكێك لەهێرشەكان بۆ سەر داعش دەستگیراوە بەسەر چەندین بەڵگەنامە كە جەختدەكاتەوە لە وەبەرهێنانی داعش لە بوارەكانی زەوی و زار و ئۆتۆمبێل لە ڕێگای كەسانێك كە هاوبەش و هاوسۆزن لەگەڵ داعش".
ئەو هێرشەی كە گۆڤارە ئەمریكییەكە باسی دەكات تایبەت بووە بەو تۆڕە داراییەی كە ناوبراو "فەواز جوبێر ئەلراوی" دایمەزراندبوو بۆ خزمەتی داعش و پەیوەندی بەهێزیشی لەگەڵ توركیا هەبووە و دواتر توركیا ڕەتیكردەوە هیج پەیوەندییەكی بە ناوبراوەوە هەبوویبَت.

گۆڤاری ئەتلانتیك لە زاری "هوارد شاتز" گەورە ئابوریناس لە ناوەندی لێكۆڵینەوەی راند، ئاماژەی بەوە كردووە "داعش لە كاتی دەسەڵاتیدا سامانێكی گەورەی كۆكردۆتەوە لە پارە و ئاڵتون و موڵك، و دەبێت بپرسین ئەو سامان و پارە و ئاڵتونە چیی لێهات و لە كوێیە؟.

ڕاپۆرتی گۆڤارە ئەمریكییەكە بەدوری نازانێت گەر بێتو پرسی ئاوەدانكردنەوەی موسڵ و شوێنەكانی تری عێراق دەست پێبكات داعش بەشدار بێت لە پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوەی لەڕێگەی هاوبەشەكانی لەعێراق.

گۆڤاری ئەتلانتیكی ئەمریكی لەكۆتایی راپۆرتەكەیدا نموونەی یەكێك لە ڕێگاكانی ئاڵوگۆڕی دراوی هێناوەتەوە كە خزمەت بە داعش دەكات، ئەویش كەسێكە بە ناوی "ئەبو شەوكەت" كە نوسینگەیەكی بچوكی ئاڵوگۆڕی دراوی هەیە لە وڵاتی لوبنان و تائێستا بە ملیۆنەها دۆلاری بۆ داعش دابین كردووە.

بەپێی راپۆرتی گۆڤارە ئەمریكییەكە " ئەو نوسینگەیە كارەكەی حەواڵەكردنی دراوە بۆ ئەو ناوچانەی كە سیستەمی حەواڵەی دراوی فەرمییان نییە یاخود بەهۆی زۆری باجە یاساییەكانی وڵاتەكە ئەبو شەوكەت حەواڵەكەیان بۆ دەنێرێت بەپێی چەند رێكارێكی تایبەتی نهێنی لەنێوان خۆیی و كەسەكەی داعش كە پارەكە وەردەگرێت.