گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

چاوڕێدەکرێت پارتی بەبێ یەکێتی هەنگاوەکە بنێت

31/3 دوا وادەیە بۆ پێشکەشکردنی پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم

2019.03.28 - 13:35
31/3 دوا وادەیە بۆ پێشکەشکردنی پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم

 

 

ناس کورد- شەهرام عەزیز

تەنها چەند ڕۆژێکی کەم ماوە بۆ کۆتایی هاتنی وادەی پێشکەشکردنی پڕۆژەیاسا لە پەرلەمانی کوردستان، بڕیاردەری لیژنەی یاسایی پەرلەمانیش دەڵێت، چاوڕێدەکرێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکرێت.

 

جەلال محەمەد، بڕیاردەری لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ سەرۆک و جێگر و بڕیاردەری لیژنە هەمیشەییەکان لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەماندا کۆبوونەوە سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کارەکانی پەرلەمان و ئەو پڕۆژانەی پێویستە کاری لەسەر بکرێت".

 

بڕیاردەری لیژنەی یاسایی پەرلەمان ڕەتیکردەوە هیچ وادەیەک دیاریکرابێت بۆ دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان، بەڵام ڕوونیکردەوە "چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەبچێت و پڕۆژی یاسای هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێمیش پێشکەش بکرێت، چونکە 31ی ئەم مانگە دوا وادەیە بۆ پێشکەشکردنی پڕۆژە یاسا و پاش ئەوە تا 1/7/2019 ناتوانرێت پڕۆژەیاسا پێشکەش بکرێت".

 

لە ئێستادا یەکێتی و پارتی بەردەوامن لە کۆبوونەوەکانیان سەبارەت بە دابەشکردنی پۆستەکان و کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتون بە هیچ ئەنجامێک و لە دوا کۆبوونەوەشیاندا کە دوێنێ چوارشەممە 28ی ئازار ئەنجامیاندا، لە پاش کۆبوونەوەکە هیچ ڕاگەیەندراوێک بڵاو نەکرایەوە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا پارتی بەبێ یەکێتی هەنگاوی کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم دەستپێبکات.

 

179 ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کورستاندا تێپەڕیوە و تا ئێستا کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێکنەهێنراوە و لە 18ی شوباتی ئەمساڵیش دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان پێکهێنرا، بەڵام تا ئێستا هیچ پڕۆژەیاسایەکی پەسەند نەکردووە.