گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

پەرلەمانی عێراق بە یاسا دەیسەپێنێت 10٪ داهاتی نەوت بۆ هاوڵاتیان خەرج بکرێت

عێراق لە نێوان ڕێژەی فرۆشتنی نەوت و هێڵی هەژاری

2019.03.28 - 09:42
عێراق لە نێوان ڕێژەی فرۆشتنی نەوت و هێڵی هەژاری

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

سەرەڕای ئەوەی عێراق ڕێژەیەكی زۆر لە نەوەت هەناردەی دەرەوە دەكات و یەکێکە لە وڵاتە گەورەکانی بەرهەمهێنی نەوت، بەڵام بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕێژەی هەژاری لە وڵاتەکەدا 23٪، لە کاتێکدا وەزارەتی نەوتی عێراق کار بۆ بەرزکردنەوەی هەناردەی نەوت دەکات، بۆ زیاتر لە 7 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.

 

لە نوێترین هەنگاویشدا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەوڵدایە بە یاسا بیسەپێنێ کە 10٪ی داهاتی نەوت ڕاستەوخۆ بۆ هاوڵاتیانی عێراق خەرج بکرێتەوە.

 

سەرۆكی فراكسیۆنی سائیرون لە ئەنجومەنی  نوێنەرانی عێراق سەباح ساعدی بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "هۆكاری سەرەكی هەژاری لە عێراقدا دەگەرێتەوە بۆ خراپ ئیدارەدانی سەروەت و سامانی دەوڵەت، گەندەڵی بە شێوەیەكی زۆر قێزەون هەموو سێكتەرەكانی عێراقی تەنیوە".

 

لە بارەی چارەسەری هەژاری لە عێراق سەرۆکی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد: "بۆ چارەسەركردنی  كێشەی هەژاری لە عێراقدا، وەك فراكسیۆنی سائیرون و بە هاوكاری فراكسیۆن 'بینا و ئیسلاح'  پرۆژەیەكمان پێشكەشكردووە، کە 111 پەرلەمانتار واژوویان لەسەر كردووە، بۆ ئەوەی 10٪ی داهاتی عێراق کە داهاتی نەوتە، بخرێتە سندوقێكەوە و ڕاستەوخۆ بە هاوڵاتیانی عێراق بدرێت، پرۆژەیاساكە دراوە بە لیژنەكانی 'نەوت و گاز و دارایی' لە دانیشتنی داهاتوی پەرلەمان  دەیخەینە کارنامەی دانیشتنەكەوە".

 

 

وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماری كۆتایی كۆی هەناردە و داهاتی نەوتی بۆ مانگی شوباتی ئەمساڵ ئاشكراكرد، بەگوێرەی ئامارەکە عێراق لەو مانگەدا نزیکەی 102ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، کە داهاتەکەی 6 ملیار و 178 ملیۆن و 818 هەزار و 266 دۆلار بووە.

 

لە مانگی ئابی ڕابردووش، وەزیری نەوتی عێراق پلانی وەزارەتەکەی بۆ زیادکردنی هەناردەی نەوت لە چەند ساڵی نزیکی داهاتوو خستەڕوو، ئەوەش بریتییە لە بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەی نەوت بۆ 7ملیۆن و 500 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە.

 

 

بەڵام بەردەوام هاوڵاتیان و پسپۆرانی بوارەکە، پرسیاری هۆکاری بوونی ڕێژەیەکی زۆری هەژار و داهاتێکی زۆری نەوت دەکەن، ئابوریناسێکی عێراقیش هۆکارێکی دیکەی هەژاری بۆ خەرجییەکانی حکومەت دەگەڕێنێتەوە.

 

د.هومام شەماع  پسپۆڕی ئابوری، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "هۆكاری سەرەكی هەژاری لە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ خەرجییە میرییەكان، هەروەها توێژێکی زۆری هاوڵاتیان بێکارن، مووچەخۆرانی عێراق ژمارەیان دەگاتە 5 ملیۆن كەس، کە 30٪ی دانیشتوان پێکدەهێنن، 30٪ی دیکەی دانیشتوان سەرقاڵی کارکردنن لە کەرتی تایبەت، ئەوی دیکەش بێکارن".

 

ئەو ئابوریناسە داوا دەکات بۆ بوژاندنەوەی بازاڕ و دۆزینەوەی هەلی کار بۆ هاوڵاتیان هانی وەربەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەکی بدرێت، حکومەت ئاسانکارییە یاسایی و ئیدارییەکانیان بۆ بکات بۆ ئەوەی جوڵەی ئابوری دروستبێت.

 

پێشتر عەبدول زەهرە هینداوی وتەبێژی وەزارتی پلاندانانی عێراق پلانی ستراتیژی گەشەپێدانی پێنج ساڵەیی بۆ ناس خستەڕوو، کە لە ساڵی 2018 بۆ 2022 بەڕێژەی 50% گرنگی بدرێت بە کەرتی تایبەت، بۆ ئەوەی ڕێژەی هەژاری لە 23٪ەوە کەمبکرێتەوە بۆ 17٪، کە پارەی تەرخانکراو بۆ ئەو پلانەی حکومەتی عێراق دەگاتە 380 ملیار دولار.

 

پەرلەمانی عێراق بودجەی ساڵی 2019ی بە 112 ملیار دۆلار پەسەندکرد، ئەوەش لەسەر بنەمای پێشبینی فرۆشتنی 3 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.

 

 

لە ئێستاشدا وەزارەتی نەوتی عێراق پلانی بۆ زیادکردنی فرۆشی نەوت داناوە و پێشتریش ئاشکرایکردووە، دوو بۆڕی نەوت بۆ وڵاتی ئوردن و تورکیا ڕادەکێشن کە توانای هەر بۆرییەکیان گواستنەوەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیە.