گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

یەپەگە بەشێک لە هێزەکانی لە باغوز دەکشێنێتەوە

دژەتیرۆری یەکێتی بۆ ناس: تا ئێستا هیچ پێشمەرگەیەکی دیل لە باغوز ئازاد نەکراوە

2019.03.27 - 22:21
دژەتیرۆری یەکێتی بۆ ناس: تا ئێستا هیچ پێشمەرگەیەکی دیل لە باغوز ئازاد نەکراوە

ناس کورد- ئەحمەد مستەفا

یەپەگە بڕیاریداوە بەشێک هێزەکانی لە باغوز بکشێنێتەوە و ڕەتیشیدەکاتەوە زانیاریان هەبێت لەسەر ئازادکردنی 15 پێشمەرگەی دیل، سەرچاوەیەکیش لە دژەتیرۆری یەکێتی دەڵێت، هێزێکمان لە باغوزە تا سەرەداوی لەسەر پێشمەرگە دیلەکانی شەڕی داعش دەستبکەوێت.

نوری مەحمود وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل 'یەپەگە' تایبەت بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "تا ئێستا زانیاریمان لەسەر ئازادکردنی پێشمەرگەی دیل لە باغوز نییە، بەڵام هەماهەنگیمان لەگەڵ هێزەکانی دژەتیرۆر لەو ناوچەیە هەیە و ئۆپراسیۆنی هاوبەش ئەنجامدەدەین".

لە بارەی کشانەوەی هێزەکانیان لە باغوز نوری مەحمود وتی: "وەک یەپەگە بڕیارمانداوە بەشێک لە هێزەکانمان لە باغوز بکشێنینەوە و دۆسیەی ئەمنی ناوچەکە رادەستی ئەنجومەنی سەربازی باغوز و ئەنجومەنی سەربازی دێرەزور بکەین، لە حاڵەتێکدا ئەگەر لە ڕووی سەربازییەوە پێویستیان بە هێزەکانمان هەبێت ئەوا هێزیان بۆ دەنێرن".

 

وتەبێژی یەپەگە ئاماژەی بەوەشکرد، شانەی نوستوی چەکدارانی داعش لەشارەکەدا ماون و بەشێک لەو هێزەی کە لە چوارچێوەی هێزەکانی سوریای دیموکراتن، دەمێننەوە بۆ کۆتاییهێنان بەهەڕەشەی ئەو چەکدارانە.

لە لایەکی دیکەوە، سەبارەت بە دەنگۆی ئازادکردنی 15 پێشمەرگەی دیل لە باغوز، سەرچاوەیەکی باڵا لە دژەتیرۆری یەکێتی تایبەت بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "تا ئێستا هیچ پێشمەرگەیەک لە باغوز لەلایەن هێزەکانی دژەتیرۆر و هێزەکانی هەسەدەوە ئازاد نەکراوە و ئەو هەواڵانەی باس لە ئازادکردنی پێشمەرگەی دیل دەکەن هیچیان ڕاست نین".

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکرد، هێزێکی دژەتیرۆر لەسەرەتای ئۆپراسیۆنی باغوزەوە لە ڕۆژئاوای کوردستانن، ئامانجیان دەستکەوتنی سەرەداوە، بۆ ئازادکردنی پێشمەرگە دیلەکانی شەڕی داعش و هاوکاریکردنی شەڕڤانان لە پاککردنەوە و ئازادکردنی ناوچەکە.

 

لە شەڕی چەند ساڵەی دژ بە داعش چەندین پێشمەرگە بە دیل کەوتنە دەستی داعشەوە، لە دوایین ئاماردا وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند 62 پێشمەرگەی دیل هێشتا بێسەروشوێنن.