گه‌ڕان

Shadow Shadow

شەڕی (یەکێتی و پەکەکە) و چوار پارێزگار+ 1 بۆ سلێمانی

2019.12.11 - 15:35

بیروڕا-محەمەد ئەمین پێنجوێنى   ساڵی 2001 ئەو کاتەی لە ئەڵمانیا بووم، سەرقاڵی چالاکیی سڤیل، سیاسی، دبلۆماسی و ڕووناکبیری بووم. بەڕێز (ئۆجەلان) لەو بوارانەدا هەموو دەسەڵاتێکی دابوومێ.لێرەدا چەند نموونەیەک بۆ ئێوە دەگێڕمەوە. سەردانیکردنمان بۆ لای سەرۆکی نەتەوە یەگرتوەکان، پاپای ڤاتیکان، پەرلەمانی ئەوروپا و سەرۆکایەتی کۆنسەی ئەوروپا، ھتد... . ژمارە تەلەفۆنی تایبەتی بەڕێز (ئۆجەلان)م لا بوو، زۆر جار بە تەلەفۆن پرس و ڕا م پێ دەکرد. بەندە و دکتۆر (عیسمەت شەریف وانلی) ھاوسەرۆکی ئینستتوی بەرلین بووین. ھەر مانگەی لە وڵاتێکی ئەوروپیدا چالاکیی دبلۆماسی و ڕووناکبیرمان دەنواند. چالاکییەکانمان بە ناوی (ئینستتوی کوردی)یەوە ئەنجام دەدا. ھەر لەو کاتانەدا بوو شەری (یەکێتی و پەکەکە) ھەڵگیرسا. ئەو شەڕە بڕیارێکی زۆر نێگەتیڤ بوو لە ناو جوڵانەوەی شۆرشگێری و بزاڤی چەپی کوردستاندا !! . باڵانسی ڕەوتە نەتەوەییەکەی لاسەنگ کرد و کەلەبەرێکی تری گەورەی کردە ویژدانی نەتەوەیی ھەر چوار پارچە ی کوردستان. . بە ئاشکراو بە نھێنی دوو دەوڵەتی داگیرکەری (ڕۆژھەلات و ڕۆژئاوای) کوردستان دەستی باڵایان لە هەڵگیرساندن و درێژە دان لە شەڕەکەدا هەبوو....! ھەرچەندە ھەر لایەک بیانووی تایبەتی خۆی ھەبوو بۆ بەرپابوونی شەرەکە. بەڵام لە گشت روویەکەوە بڕیارێکی نەخوازراو بوو. . زۆر جاران لە (سلێمانی)یەوە، دۆست و برادەر تەلەفۆنیان بۆ دەکردم و لۆمەیان دەکردین،کە بۆچی هەوڵ بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە نادەین ؟ برایەکم بە تەلەفۆن پێی گوتم: ھەر مزگەوتێکی سلێمانی پرسەیەکی تێدایە. خەڵک زۆر لێتان بێزارە، تۆیش ئەوەندە لە ( Med Tv) دەرمەکەوە !!!) . ئەو کاتە دکتۆر (کەمال فوئاد)، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە بەرلین دەژیا و زوو زوو یەکتریمان دەبینی. تەلەفۆنمان بۆ یەکتری دەکرد و رەوشی شەڕمان شرۆڤە دەکرد.ڕۆژێک دوام لێ کرد یەکتری ببینین و چووینە Adnawar plats کافتریاکەی، لێم پرسی ئەم شەڕە بۆچی؟ چ سوودێک بە کورد دەگەیەنێ ؟ گوتم:(پرۆسەی سیاسی لە باشووری کوردستاندا بەرەو ئاڵۆزی و لەناوچوون دەبات. ئایا دەزانی سەدام لە قەرەھەنجیر ھێزێکی گەورەی کۆکردۆتەوە و بە نیازی ھێرشی سەر (سلێمانی)یە و پارێزگارێکی کوردی بە ناوی (فایەقە سوور)ەوە بۆ داناوە. (پارتی)ش ھێزێکی لە (دێگەڵە)وە کۆکردۆتەوە و پارێزگارێکی بە ناوی (فایەقە ڕەش)ەوە بۆ داناوە. ئیسلامییەکانیش لە (هەڵەبجە و سەیدسادق) دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست وبە تەمان (مەلا فایەقی مۆتێ) بکەن بە پارێزگاری سلێمانی. (پەکەکە)یش چیای کورتەک و سەنگەسەری بە شەڕ گرتووە و بەرەو (ڕانیە)پێشڕەوی دەکەن. کاک کەمال پێم نالێی ئێوە خەریکی چین؟ تەنیا (سلێمانی)تان بە دەستەوە ماوە. بۆیشم گێڕایەوە کە (عوسمان ئۆجەلان )تەلەفۆنی بۆ کردووم و پێی گوتووم : خۆم حازر بکەم بۆ قایمقام(جێنشین)ی ڕانیە یان سلێمانی، منیش پێم گوتووە :(هەڤاڵ فەرهاد بە دووای فایەق ناوێکدا بگەڕێن، با ببن بە چوار) ! . کاک (کەمال) بە ھێواشی مژێکی لە قاوەکەی دا و بە زەردەخەنەیەکی نەرمەوە گوتی:( وەرە ئەمانەم بۆ بکە بە نامەیەک بەیانی مەکتەبی سیاسی کۆبوونەوەیان ھەیە من نامەکە بە فاکس دەنێرم بۆ (مام جەلال)) . . ئەو کاتە من کۆمپیتەرم نەبوو، چووم بۆ لای (موحسین عوسمان)ی دراوسێمان نامەکەی بۆ تایپ کردم. ناوەرۆکی نامەکە زۆر بە کورتی جە(جەنابی مام جەلال ئەگەر ئێوە ھەتا ١٠-١٥ ڕۆژی تر ئەم شەرە ڕانەگرن، ئەوا فایەقە رەش یا فایەقە سوور یان مەلا فایەقی مۆتێ یا ئەو فایەقەی تر کە هەتا ئێستا دیار نییە کێیە، دەبێتە پارێزگاری سلێمانی). من باسی ھەموو ئەو هەڕەشەو نەهامەتییانەم کردبوو لە ئەگەری شەڕ رانەگرتندا بەرۆکی کورد دەگرن. ناو و واژۆی خۆم لەسەر نامەکە دانابوو، ڕەنگە ئەو نامەیە لە ئەرشیفی مەکتەبی سیاسی یان لە ئەرشیفی (مام جەلال)دا مابێت. ڕۆژێک (سەلاح ڕەشید) تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی: ئەوە برادەرێک دەیەوێت قسەت لە تەکدا بکات. جەنابی (مام جەلال)بوو. بە زمان شیرینیی و قسە خۆشەکانی گوتی:( ھا پێنجوێنی لەگەل سەرمای ئەڵمانیا چۆنی ؟ پاش چاک و چۆنی گوتی: نامەکەی تۆمان لە مەکتەبی سیاسی خوێندەوە و هەڵسەنگاندنی باشمان بۆ کرد و بڕیارمان دا شەڕ بوەستێنین دە تۆیش (کوڕی تەنگانە) لای خۆتەوە خەریک بە). ھەر ئەو شەوە تەلەفۆنم کرد بۆ قەندیل، عوسمان ئۆجەلان ھاتە سەر خەت و پێم گوت: (مام جەلال) ئامادەی ئاگربەستە . بە لووت بەرزی و بە دەنگێکی بەرز گوتی:(شەڕ ڕاناگرین تۆیش خۆت ئامادە بکە. تاتۆڵەی شەھیدەکانی قەرەداخ نەسێنین واز ناھێنین). من زۆر گاڵتەم بەو قسەیەی ھات و بە زەییم بە خۆم و کورددا ھاتەوە، کە چۆن ئەمانە بە جۆشوخرۆشە یەکتری دەکوژن؟ ئایا ئەوانە دەتوانن کورد بە ئامانجەکانی بگەیەنن!؟ . دووای چەند ڕۆژێک (مام جەلال) تەلەفۆنی کردەوە، من قسەکانی (عوسمان ئۆجەلان)م پێ نەگوت، ھەر دەمگووت خەریکم لەم ڕۆژانەدا ئاگربەست ڕادەگەیەنرێت. جارێکی تریش تەلەفۆنم کردەوە بۆ قەندیل، ئەمجارەیان هەڤاڵ جەمال( موراد قەرەیەلان) ھاتە سەر خەت، بە درێژی باسی تەلەفۆنەکانی (مام جەلال)م بۆ کرد. ھەڤاڵ (جەمال) گوتی: بڕۆ بۆ برۆکسل با کۆنگرەی نەتەوەیی راگەیاندراوێک دەربکات و داوای شەڕ ڕاگرتن لە (پەکەکە و یەکێتی) بکات، ئێمەش ئاگربەست ڕادەگەیەنین. ھەر وامان کرد وابزانم ( ١١/١٢ یان ١٢/١٢ بوو پەکەکە لە ڕێگەی کەناڵەکانی راگەیاندنەوە ئاگربەستیان ڕاگەیاند. لە راگەیاندراوی ئاگربەستەکەوە ئاماژەیان دابوو،کە لە سەر بانگەوازی کۆنگرەی نەتەوەیی و ھەوڵی کەسانی خێر خواز و ئاشتیخواز بڕیاڕمان دا لە ھەموو بەرەکانی شەڕدا ئاگر بەست ڕابگەیەنین. یەکێتی دەنگی نەبوو، تەلەفۆنم بۆ (مام جەلال)کرد. گوتی:( ئێمە لە بەر پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانمان ناتوانین لە میدیاکانەوە ئاگربەست را بگەیەنین !!!! بەڵام ئەو بروسکانەی کە بۆ ھێزەکانمان ناردووە و داوای ئاگربەستم کردوە بە فاکس بۆت دەنێرم). منیش فاکسەکانم نارد بۆ جێی خۆی و ئەوانیش گەیاندیانە قەندیل . من پرسیارێکم لە خۆم دەکرد ئایا گیانی ئەو ھەموو گەریلا و پێشمەرگە نەبەردانە لە ئەستۆی کێ دایە ؟؟ . جارێکیان لە دوکانێکی سەر جادەوە تەلەفۆنم کرد بۆ قەندیل، قسەکانم لەسەر شەڕ وەستاندن لەگەڵ هەڤاڵ(جەمال) درێژەی کێشا، کە تەلەفۆنەکەم داخستەوە بایی ٣٥٠ مارک بوو، ئەو پارەیەی پێم بوو، تەواوی نەدەکرد، ناچار بووم کاتژمێرەکەمم لە جێی دانا، بەو مەرجەی کە هەموو پارەکەیم بۆ برد، کاتژمێرەکەم بداتەوە. کاتژمێرەکە ئاڵتون بوو، نرخێکی پڕ مانای هەبوو لای من ،چونکە ھی دایکی منداڵەکانم بوو، لە خەڵاتی یەکەمی کۆلیژی ئەدەبیاتدا وەری گرتبوو ھەتا ھاتمەوە بۆ دوکانەکە، کارمەندەکە ڕۆیشتبوو و یەکێکی کە لە جێگەی بوو، ھەر وەڵامیشی نەدامەوە. . چەپکێک گوڵ و چەپکێک نێرگز بۆ ئێوە . ئێمەش توانیمان کۆتایی بە خوێن رشتنی نێوان کوردان بھێنین و داخی لە دەستچوونی مانای سیمبۆلی کاتژمێرێک لە دڵمدا چەقی.