گه‌ڕان

Shadow Shadow

پڕۆژەكە چاك (ساز) نەكراوە..موچە و دەرماڵەی خاوەن بڕوانامەكان كەمدەكرێنەوە

2019.12.11 - 11:13

بیروڕا-سەروەر عەبدوڕەحمان   پرۆژە یاسای بەناو چاكسازی، كە بانگەشەیەكی زۆری بۆ دەكرێت، سەرباری ئەوەی چەند خالێكی باشی تیادایە، وەك: كەمكردنەوەی موچەی پلە بالاكان لەپێناو دادی كۆمەلایەتی، برینی موچە نایاساییەكان، یەكخستنی پلە وەزیفییەكان، لادانی بن دیوارەكان و پاك كردنەوەی لیستی موچەی شەهیدان و پێشمەرگەی دێرین و كەمئەندامی سەنگەر و چاودێری كۆمەلایەتی لە كەسانی ناشایستە. گەڕانەوەی ئارەزومەندانەی پەرلەمانتارانی خانەنشین بۆسەر وەزیفەی پێشوتریان. . بەڵام لەگەل ئەوەشدا یاساكە كە ناوی چاكسازییە دەستی بۆ بابەتە سەرەكییەكان و جومگە هەستیارەكان نەبردووە كە هۆكاری سەرەكیی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتین، وەك: كەرتی نەوت و گاز، وەبەرهێنان، دیارنەمانی داهاتە ناوخۆییەكان، قەرز و دەستتێكەلكردنی كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت، كاراكردنی دامەزراوەكانی دیوانی چاودێری و دەستەی دەستپاكی كە دەستیان بەستراوە. كێشانەوەی دەستی حزب لە بازرگانی و دەستێخستنی لە كاروباری گشتی و حكومی و چەندانی تر. . ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە تیایدا موچەی فەرمانبەران كەمدەكرێتەوە بەوەی بەشێكیان دەرماڵەكانیان دەبڕدرێت و بەشەكەی تریشیان كەمدەكرێتەوە. . ئەمە لەكاتێكدا لە دوا هەمواری یاسای خزمەتی شارستانیی عێراقیدا كە لەم دواییانە پەسەندكراوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا نەك كەم نەكرایەوە بەلكو زیادیش كراوە. . جگە لەمە ئەوەی لەم پرۆژە یاسایەدا باسی لێوە نەكراوە زیادكردنی موچەی خانەنشینیی پلە نزمەكانە، لەكاتێكدا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا هەموار كرا كە كەمترین موچەی خانەنشینی (500.000) پێنج سەد هەزار دینارە، كەچی لە هەرێمدا خانەنشین هەیە تەنها (150.000) سەدوپەنجا هەزار دینار وەردەگرێت. . ئەمە جگە لەوەی دەرماڵەی بەشێكی زۆر لە فەرمانبەرانی وەزارەتەكانی پەروەردە، كارەبا، تەندروستی و هتد دەبڕدرێت، پرۆژە یاساكە كەموكوڕی زۆری تیایە، ناكرێت بۆ پەردەپۆشكردن بەناوی چاكسازییەوە هێزە سیاسیەكان بەخەلكی بفرۆشنەوە. . وێرای دەستخۆشی لە خالە باشەكانی، ئەگەر چاكسازی راستەقینەیان دەوێت دەبێت دەست بۆ بابەتە هەستیارەكان ببەن. چونكە ئەمە لە خەلەتاندنی خەلكی زیاتر هیچی تر نیە. . بۆیە هەقە فەرمانبەران و مامۆستایان دژی بووەستنەوە بەم شێوازەی ئێستای، چونكە ئەگەر پێشتر بەناوی پاشەكەوتەوە موچەیان پێ نەدەدرا، كەچی ئێستا خەریكە بەناوی چاكسازییەوە بە یاسایی لێیان دەبڕدرێت!