گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

بانکەکانی هەرێم هێشتا بە سیستمى عوسمانییه‌كان‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت

مەلا یاسین بۆ ناس: هەندێک لە کۆمپانیا حزبییەکان داوای پشک لە نۆکاوفرۆشێکیش دەکەن

2019.03.27 - 20:19
مەلا یاسین بۆ ناس: هەندێک لە کۆمپانیا حزبییەکان داوای پشک لە نۆکاوفرۆشێکیش دەکەن

ناس كورد- ئه‌حمه‌د مسته‌فا

سه‌رۆك و وتەبێژی یه‌كێتى وه‌به‌رهێنه‌رانى كوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی ناس کورد ڕایگەیاند، پڕۆژه‌كانى وه‌به‌رهێنان ته‌نها 20 ملیار دۆلار له‌ئێستادا خزمه‌ت دەکەن، هەروەها نیگه‌رانى یه‌كێتییه‌كه‌ی ده‌رده‌برێت بەرامبەر به‌ قۆرخكارى كۆمپانیا حزبیه‌كان له‌ بازاڕى كاردا، داواش له‌ حكومه‌ت ده‌كات كه‌رته‌كانى ده‌رمان، وزه‌، جگه‌ره‌ و كۆمپانیاكانى په‌یوه‌ندیكردن له‌ ده‌ستى حزب ده‌ربهێنێت.

یاسین مه‌حمود ناسراو بە مەلا یاسین، ئاماژە بەوەشدەکات، پێویسته‌ مەسرور بارزانی وەک سەرۆکی کابینەی داهاتووی حكومه‌ت به‌ به‌شدارى سه‌رۆكى هه‌رێم و حكومه‌ت و په‌رله‌مان ئه‌نجومه‌نێكى باڵاى ئابوورى دروستبكات، تا نەخشەڕێگای ئابووری هەرێمی کوردستان بکێشێت، هەروەها داواش دەکات کە بارزانی کۆتایی بە کاری هەندێک کۆمپانیای حزبی بهێنێت.

 

 

ناس كورد: قه‌باره‌ى ئه‌و زیانانه‌ى به‌ر ئابوورى هه‌رێمى كوردستان كه‌وت له‌ ماوه‌ى چوار ساڵى قه‌یرانى دارایی به‌چه‌ند مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت؟

یاسین مه‌حمود: قه‌یرانى دارایی زه‌برێكى كوشنده‌ى گه‌یاند به‌ سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كانى بوارى وه‌به‌رهێنان، له‌ هه‌رێمى كوردستان كه‌ پێشتر له‌ 13 بواردا وه‌به‌رهێنان كراوه‌ و بڕه‌كه‌ى 47 ملیار دۆلاربووه‌، تایبه‌ت ساڵى 2013 ساڵێكى زێڕین بوو بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران كه‌ به‌بڕى 13 ملیار دۆلار له‌ پیشه‌سازى و گه‌شتوگوزار و پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان كاركراوه‌، به‌ڵام له‌ ساڵى 2014 دۆخه‌كه‌ پێچه‌وانه‌ بویه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵدانى گروپى چه‌كدارى داعش و دابه‌زینى نرخى نه‌وت و په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا، كاریگه‌رى زۆرى هه‌بوو له‌سه‌ر بڕیار و كارى وه‌به‌رهێنه‌ران.

وه‌به‌رهێنانى ڕاستى هه‌رێم به‌بڕى 47 ملیار دۆلارە، به‌ڵام له‌پاش قه‌یرانى سیاسى و دارایی، به‌شێوه‌یه‌كى زانستى كه‌ پڕۆژه‌ هه‌بن و خزمه‌ت بكات ته‌نها توانراوه‌ بڕى 20 ملیار دۆلار بكرێنه‌ پڕۆژه‌، وه‌ بڕى 27 ملیار دۆلارمان كه‌وته‌ كێشمه‌كێشمى قه‌یرانه‌كان و نه‌بوون به‌ پڕۆژه‌.

 

ناس كورد: ده‌سه‌ڵاتداران و وه‌به‌رهێنه‌ران مامه‌ڵه‌یه‌كى دروستیان له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا كرد؟

یاسین مه‌حمود: نه‌خێر، ئێمه‌ دوو كارمان بینى كه‌ وه‌ك ڕێكار گیرانه‌به‌ر له‌ هه‌رێمى كوردستان كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندى وه‌به‌رهێنه‌ران نه‌بوو، ئه‌وانیش دروستكردنى لیژنه‌ و به‌گژداچوونه‌وه‌ى قه‌یرانى دارایى له‌ ئه‌جومه‌نى وه‌زیران كه‌ كه‌رتى تایبه‌ت و وه‌به‌رهێنه‌رانى تێدا پشتگوێ خرا، ‌تا ئێستاش وه‌به‌رهێنان له‌ دهۆك و سلێمانى نه‌هاتوونه‌ته‌وه‌ سه‌ر سكه‌ى خۆیان، هه‌روه‌ها به‌شێك له‌ وه‌به‌رهێنه‌ران كه‌ سه‌رمایه‌ى نیشتمانى ئه‌م هه‌رێمه‌ن ڕوویان كرده‌ شاره‌كانى دیكه‌ى عێراق و وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر قه‌یرانى دارایی ڕوینه‌دایه‌، وه‌به‌رهێنه‌ران بیریان له‌ بڕیارێكى له‌و جۆره‌ نه‌ده‌كرده‌وه‌.

 

 

 

ناس كورد: پڕۆژه‌كانى وه‌به‌رهێنان و به‌ڵنده‌رایه‌تى له‌چ ئاستێكدان، كه‌ى پڕۆژه‌كانى وه‌به‌رهێنان له‌پاش قه‌یران ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌؟

یاسین مه‌حمود: 5 هه‌زار پڕۆژه‌ى به‌ڵێنده‌رایه‌تى و 10 هه‌زار پڕۆژه‌ى خزمه‌تگوزارى و وه‌به‌رهێنان هه‌بوون‌ له‌ ماوه‌ى قه‌یرانى دارایی هه‌مووى وه‌ستا، ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆى دابه‌زینى داهات و نه‌مانى هه‌لى كار و ته‌نانه‌ت زیانگه‌یاندن بە پڕۆژه‌ ته‌واونه‌كراوه‌كان.

ته‌نانه‌ت له‌ قه‌یرانى دارایى داهاتى تاكه‌كه‌س لە 5 هەزار و 500 دۆلارەوە دابه‌زى بۆ 2 هه‌زار و 500 دۆلار، هه‌رێمى كورستان له‌برى ئه‌وه‌ى گه‌شتیارى بۆ بێت، ئاواره‌ ڕووى تێكرد، ‌ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ى قازانجه‌ ئابورییه‌كه ‌بوو، شه‌ڕى داعش و ئاڵۆزیى سیاسى هه‌مووى کاریگەرییان هەبوو لە وه‌ستانى پڕۆژه‌كان، گه‌رچى له‌چوار ساڵى قه‌یرانى دارایی 13 سێكته‌رى وه‌به‌هێنان موڵه‌تى پێدراوه‌ له‌ سلێمانى.

حكومه‌ت ناچاربوو كه‌ هه‌ندێك ڕێكار بگرێته‌به‌ر بۆ پێدانى مووچه‌، وه‌ك وته‌بێژى وه‌به‌هێنه‌ران ده‌توانم ئه‌وه‌ ڕابگه‌یه‌نم، ئه‌و بیركردنه‌وانه‌ى جێگر و سه‌رۆكى حكومه‌تمان لاپه‌سندبوو، ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕێككارانه‌ نه‌گیرایه‌ته‌به‌ر ئه‌وه‌ حكومه‌ت ده‌ڕوخا و ئابورى هه‌رێم به‌یه‌كجارى تیاده‌چوو.

قه‌یرانى دارایی فێرى به‌ڕێوه‌بردنی حكومه‌تىی و كه‌مكردنه‌وه‌ى خه‌رجى و زیادكردنى داهاتى كردین، ئامۆژگارییه‌كیش بوو كه‌ خه‌ڵك ده‌ست به‌ داهاتییه‌وه‌ بگرێ، هه‌رچه‌نده‌ تاكى ئێمه‌ مرۆڤێكى به‌كاربه‌ره‌.

له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌، قه‌یرانه‌كه‌ ده‌رخه‌رى دۆخى وه‌به‌رهێنه‌ران بوو له‌ هه‌رێمى كوردستان، كه‌ هه‌ر به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ وه‌به‌رهێنه‌ره‌ ڕاسته‌كان ده‌ركه‌وتن، له‌ شارێكى وه‌ك سلێمانى له‌كۆى سه‌دان ملیۆنێر، ته‌نها 10 بۆ 13 كه‌س ماونه‌ته‌وه‌ و پڕۆژه‌یان هه‌بوو، كه‌واته‌ قه‌یرانى دارایی پاكتاوێكى باش بوو.

ناس كورد: بۆ تائێستا له‌ هه‌رێمى كوردستان پڕۆژه‌ى گه‌وره‌ى پیشه‌سازى نابینرێت، سیستمى به‌ڕێوه‌بردن چۆن كاریگه‌ى هه‌بووه‌؟

یاسین مه‌حمود: له‌ 2005 بۆ 2019 حكومڕانییه‌كى ئاقڵانه‌مان نه‌كردووه‌، ده‌بوو له‌ جێگه‌ى ئه‌و كۆشك و ته‌لارانه‌ بایه‌خ به‌ ژێرخانى ئابوورى بدرایه‌ و كه‌رتى پیشه‌سازى و گه‌شتیارى فراوان و گه‌شه‌ى پێبدرێت، هیچ جێگه‌ى قبوڵ نییه‌ له‌پاش ئه‌و ماوه‌یه‌ نه‌مانتوانى یه‌ك مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران بده‌ین.

له‌ حكومڕانیدا هه‌رێمى كوردستان هه‌ڵه‌ى زۆر كردووه‌ ئه‌وه‌ى گرنگه‌ به‌ قه‌یرانى دارایی، حكومه‌ت له‌ساڵى 2014 بۆ 2015 و 2016 مایه‌پووچ بوو و ‌ئێستاش 20 ملیار قه‌رزداره‌، بۆ باشبوونى ئه‌و دۆخه‌ پێش هه‌مووى پێویسته‌ واز له‌ وحزبایه‌تییه‌ خراپه‌ بهێنین و حزب له‌ حكومه‌ت دوربخه‌ینه‌وه‌.

 

چۆن ده‌بێت، له‌پاش ئه‌و حکومڕانی و هه‌بوونى سه‌رچاوه‌ى داهاته‌ كه‌ره‌سته‌ سه‌ره‌تاییه‌كان له‌ ئێرانه‌وه‌ بهێنرێته‌ هه‌رێم، ئه‌وه‌ عه‌یبه‌یه‌ بۆ كوردستان كه‌ تائێستا خۆمان خاوه‌ن كارگه‌ر و پیشه‌سازى گه‌وره‌ نین، ده‌بێت حكومه‌ت خه‌به‌رى بێته‌وه‌ و بازاِرى گه‌وره‌ى پیشه‌سازى و ئابوروى دروستبكات و به‌رهه‌مى هه‌بێت، ئه‌و دۆخه‌ش به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌یه‌ حكوته‌كانى پێشوو نه‌یانتوانیوه‌ ئابورییه‌كى پته‌و بۆ هه‌رێم دروستبكه‌ن.

 

ناس كورد: لە ئێستادا قەیرانی دارایی بەرەو کۆتایی دەچێت، پێشبینی دەکەیت هەرێم ماوەی چەندی پێویست بیت تا بێتەوە سەر ڕێڕەویی ئاسایی خۆی لەبواری ئابووری و وەبەرهێناندا؟

یاسین مه‌حمود: حكومه‌تى نوێ گه‌ر بۆ حزب و شه‌خس كارنه‌كه‌ن به‌ 4 ساڵ ده‌توانین به‌ نه‌خشه‌ ڕێگایه‌كى ئابوورى و به‌ جێكردنه‌وه‌ى سه‌رجه‌م جه‌مسه‌ره‌كانى ڕێگاره‌ چاره‌سەرى ئابوورى بكه‌وینه‌وه‌ سه‌ر ڕێڕه‌وێكى باشى ئابوورى.

 

ناس كورد: تا چەند گەشبینیت بە کابینەی نوێ بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی لە بواری ئابووری و وەبەرهێناندا بتوانێت هەنگاوی گەورە بنێت؟

یاسن مه‌حمود: بۆ باشبوونى دۆخى ئابورى و وه‌به‌رهێنان پێویسته‌ كابینه‌ى نوێ به‌سه‌رۆكایه‌تى مه‌سرور بارزانى له‌ یه‌كه‌م هه‌نگاودا كه‌رتى تایبه‌ت له‌ كه‌رتى گشتى جیا بكاته‌وه‌، تێكه‌ڵه‌یه‌كى زۆر بێسه‌رو به‌ره‌ هه‌یه‌ ئه‌وه‌ى حكومه‌ت ده‌یكات و كارى حكومه‌ته‌ ناكرێت بدرێته‌ كه‌رتى تایبه‌ت یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌.

پێویسته‌ ڕێگه‌ خۆشبكرێت كه‌رتى تایبه‌ت بهێنرێته‌ پێشه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ى سیستم و یاسادا و ڕێگه‌ خۆشبكرێت كه‌رتى تایبه‌ت ده‌ستبخاته‌ پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارى و په‌روه‌رده‌ییه‌كان، به‌هێزى كه‌رتى تایبه‌ت ڕاسته‌وخۆ ده‌بێته‌ هۆى به‌هێزبوونى حكومه‌ت.

 

داوا له‌ مه‌سرور بارزانى ده‌كه‌م ئه‌نجومه‌نێكى باڵای ئابوورى دروستبكات كه‌ سه‌رۆكى هه‌رێم و حكومه‌ت و په‌ڕله‌مان و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى تێدابێت، هه‌روه‌ها ڕێكخراوه‌كانى كه‌رتى ئابوورى و پسپۆڕان تێدابه‌شداربكرێن، تا له‌ڕێگاى ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ بۆ دۆخى ئابوورى هه‌رێمى كوردستان بڕیاربده‌ن و نه‌خشه‌ ڕێگاى ئابوورى بۆ هه‌رێمى كوردستان دابنێن و پڕۆژه‌ ئاماده‌ بكه‌ن و ئاڕاسته‌ى حكومه‌ت و دواتر په‌ڕله‌مان بكرێن.

ئه‌وه‌ كارى وه‌زیرێكى بێ توانا نییه‌، به‌شێك له‌ وه‌زیره‌كانى حكومه‌ت له‌ كابینه‌ یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كاندا نه‌زانراوه‌ چیان كردووه‌، وه‌زاره‌تى پلاندانان چی كردووه‌ له‌م چه‌ند ساڵه‌دا، ده‌بێت بۆ باشكردنى ئه‌و دۆخه‌ ئه‌و وه‌به‌رهێنه‌رانه‌ بانگ بكرێن كه‌ له‌ قه‌یرانى دارایی توانیویانه‌ ئیداره‌ى 500 ملیۆن دۆلار بده‌ن، تا سوود له‌توانایان وه‌ربگیردرێ.

یاساى وه‌به‌رهێنان تاقانه‌یه‌ بۆیه‌ بێخاوه‌ن بوه‌ و كارى پێناكرێت له‌كاتێكدا وڵاتانى پێشكه‌وتوو ته‌نها به‌و یاسایه‌ كار ناكه‌ن.

گه‌وره‌ترین كاره‌سات ئه‌وه‌یه‌ بانكه‌كان، بە هه‌مان سیستمى دواكه‌وتووى عوسمانییه‌كان‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، له‌ كاتێكدا بانك بڕبڕه‌ى پشكى ئابوورییه‌و به‌و سیستمه‌ نابرێته‌ پێشه‌وه‌ ده‌بێت حكومه‌ت له‌مه‌ودا بودجه‌ى تایبه‌ت بۆ پیشه‌سازى و گەشتوگوزار و كشتوكاڵ و پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارىیه‌كان ته‌رخانبكات و ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان بكات به‌ وه‌زاره‌ت و وه‌زاره‌تى بازرگانى و شاره‌وانى و گه‌شتوگوزارو ده‌سه‌ڵاته‌كانى له‌وه‌به‌رهێنان جیا بكرێته‌وه‌ و كاربۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ڕۆتین بكرێت و كاره‌كانى وه‌به‌رهێنان له‌و وه‌زاره‌تانه‌ بسه‌ندرێنه‌وه‌.

 

 

ناس كورد: تا چەند حزبەکانی هەرێم لە کەرتە جیاوازەکاندا سەرمایەگوزاریی دەکەن؟ ئایا ئەوە تەنها حزبە گەورەکانن یان حزبەکانی تریش بەهەمان شێوە سەرمایەگوزاریی دەکەن؟ حزبەکان زیاتر لە چ کەرتێکدا سەرمایەگوزاریی دەکەن؟

یاسین مه‌حمود: ده‌بێت گۆڕان و یه‌كێتى و پارتى دان به‌وه‌دابنێن كۆمپانیاى حزبییان هه‌یه‌ و پڕۆژه‌یان هه‌یه‌، نازانرێت كۆمپانیا حزبییه‌كان ڕێژه‌یان چه‌نده‌، كۆمپانیاى حزبى هه‌یه‌ له‌ چه‌ند گروپێك چه‌ندین لقى دیكه‌ى هه‌یه‌.

به‌ڕاستى ده‌بێت مه‌سرور بارزانى كۆتایى به‌كارى هه‌ندێك كۆمپانیاى حزبى بهێنێت، ناكرێت هه‌موو جه‌مسه‌ره‌كانى ژیانى خه‌ڵك به‌ده‌ست كۆمپانیا حزبییه‌كانه‌وه‌ بێت، ئێسته‌ واى لێهاتووه‌ هه‌ندێك له‌ كۆمپانیان حزبییه‌كان داده‌به‌زنه‌ خواره‌وه‌ به‌ نۆكاوفرۆشێكیش ده‌ڵێت ده‌بێت پشكمان له‌گه‌ڵت هه‌بێت، ئه‌مه‌ خراپه‌.

له‌ هه‌مو جومگه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانى نه‌وت و جگه‌ره‌ و خزمه‌تگوزاریه‌كان كارده‌كه‌ن بۆ حیزبه‌كانیان، گەر دەشیکەن با كاركردنێكى شه‌ریفانه‌ و دادپه‌روه‌رانه‌ بکەن، نه‌ك وه‌به‌رهێنه‌ر بچێته‌ كێبڕكێیه‌ك پڕۆژه‌وه‌ و ته‌له‌فون بكرێت بڵێن وه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌ فڵان كۆمپانیا به‌شداره‌.

 

كۆمپانیا حزبییه‌كان زیانی گه‌وره‌یان داوا له‌ هه‌رێمى كوردستان، هه‌ندێك بوار هه‌یه‌ زۆر به‌ئاسانى ده‌بوژێته‌وه‌، بەڵام ئه‌وان نایه‌ڵن یاخود هه‌ندێک كۆمپانیاى ده‌ره‌وه‌ ده‌یانه‌وێن و پڕۆژه‌یان له‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌بیت، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى داواى شه‌راكه‌تى لێده‌كه‌ن، كۆمپانیاكه‌ كوردستان به‌جێده‌هێڵێت، ئێمه‌ له‌وه‌ زیانى زۆر گه‌وره‌مان كردووه‌.

پێویسته‌ له‌ كابینه‌ى نوێ، لێپرسینه‌وه‌ و سزا هه‌بێت و نابێت ده‌رمان و وزه‌ و جگه‌ره‌ و كۆمپانیاكانى بوار په‌یوه‌ندیكردن و گه‌یاندن، له‌ده‌ست كۆمپانیاكانى حزبدا بێت، به‌ڵكو ده‌بێت ئه‌وانه‌بخرێنه‌ پێشبڕكێیه‌كى دروست و بدرێته‌ كۆمپانیاكانى كه‌رتى تایبه‌ت.

 

به‌ڵگه‌ هه‌یه‌ لە هەرێمی کوردستان وه‌زیر یان كه‌سێك کە ده‌یه‌وێت ببێت به‌ وه‌زیر، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌و پله‌ى بۆ پێشنیا كراوه‌ و وه‌ریده‌گرێت، ده‌بێت بچێت پاره‌ لە پۆستەکەیدا بۆ كه‌سێك په‌یدا بكات. ئه‌مه‌ خراپه‌ و ده‌بێت چاكبرێت، ئه‌و كاته‌ ئه‌و وه‌زیره‌ نازانێت فریا بكه‌وێت خزمه‌تى خه‌ڵك بكات یان ئه‌و شه‌خسه‌ى ناردویه‌تى، گەر لەبەری دۆخی ئەمنی نەبێت ئەوە ناوەکەی ئاشکرادەکەم.

 

 

ناس كورد: دواخستنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت هیچ کاریگەرییەکی لەسەر پڕۆژەکانی وەبەرهێنەران هەیە؟

یاسین مه‌حمود: قه‌یرانى دارایى و ڕه‌وشى سیاسى به‌ره‌و ئاسایبونه‌وه‌ ده‌چێت نرخى نه‌وت به‌رزبۆته‌وه‌، داعش و شه‌ڕ نه‌وماوه‌، به‌ڵام بازاڕ نه‌جوڵاوه‌ ئه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ پێكنه‌هێنانى كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، پێویسته‌ پارتى و یه‌كێتى و لایه‌نه‌ بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتن.

ئێستا كاتى ئه‌وه‌ نییه‌ حسابات له‌گه‌ڵ یه‌ك بكه‌ین و جێگه‌ى خۆیه‌تى گه‌وره‌كانمان و به‌تایبه‌ت كاك مه‌سعود بازرانى و له‌پاش كۆچى دوایی نه‌وشیروان مسته‌فا و مام جه‌لالەوه‌ گه‌وره‌ى كورده‌ ده‌كرێت ئه‌و ده‌ستپیشخه‌رى بكات، كه‌ بێگومان كلیلى چاره‌سه‌رى كێشه‌كان له‌ده‌ستى مه‌سعود بارزانیدایه‌ و ده‌بێت ئه‌و هه‌نگاو بنێت.

 

ده‌زانین كاك مه‌سعود بارزانى نیگه‌رانه‌، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و نیگه‌رانییه‌ كۆتایی پێبهێنرێت و له‌سه‌ر دواكه‌وتنى حكومه‌ت بڕیار بدات و له‌سه‌ر قه‌زییه‌ى كورد لێبورده‌بێت.

ئێمه‌ له‌ كه‌رتى تایبه‌ت خوازیارین په‌یوه‌ندى سه‌رۆكى حكومه‌تى ئاینده‌ و دكتۆر به‌رهه‌م باشبێت، ئه‌وه‌ بۆ كورد باشه‌، تا کەشێکی له‌باری سیاسى و گونجاو دروستببێت .

 

ناس كورد: عێراق وه‌ك حكومه‌ت و كه‌رتى وه‌به‌رهێنان ده‌توانن چ ڕۆڵێك ببینن بۆ كه‌رتى وه‌به‌رهێنانى هه‌رێم، بەبوونى په‌یوه‌ندییه‌كان و سودبینین له‌ پێگه‌ى كورد؟

یاسین مه‌حمود: له‌ماوه‌ى ڕابردوود حكومه‌ته‌كانى عێراق پێیان خۆش نه‌بووه‌ له‌ هه‌رێم به‌راور به‌ ناوچه‌كانى خۆیان زیاتر ببوژێته‌وه‌، بۆ ئێستا جارێ له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى ڕوون نییه‌، ئه‌گه‌ر دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح، وه‌ك سه‌رۆك كۆمار په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌ولێر ئاسایى نه‌كاته‌وه‌ ناتوانێت بۆ هه‌ولێر رۆڵی باش بگێڕێت، له‌وه‌ ده‌چێت بتوانێت بۆ سلێمانى هه‌ندێك كار بكات به‌س ناتوانێ بۆ كوردستان بیكات، ده‌بێت ئه‌گه‌ر به‌كۆتاهێنانى پۆسته‌كه‌شى بێت په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌ولێر ئاسایى بكاته‌وه‌.

ناس كورد: زۆر باس لەوە دەکرێت کە سلێمانی لە ڕووی وەبەرهێنان و خزمەتگوزارییەوە پشتگوێخراوە، ئایا ئەمە خەتای کێی تێدایە؟

یاسین مه‌حمود: ماوه‌ى چوار ساڵه‌ كێشه‌ى سیاسى له‌ سلێمانى هه‌یه‌ په‌یوه‌ندى یه‌كێتى و گۆڕان باش نیه‌، له‌م شاره‌دا ڕۆتین ده‌ستى خستۆته‌ جومگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى كاره‌ ئیدارییه‌كان وه‌ پارێزگارى ئێستا بێ ده‌سه‌ڵاته‌.

 

ئه‌وه‌ى ئێستا كێشه‌یه‌ بۆ سلێمانى و وه‌ك وه‌به‌رهێنه‌ران ده‌یبین، ئه‌وه‌ ڕۆتین گه‌شتۆته‌ ئاستێكى خراپ و كه‌مبونه‌وەى ده‌سه‌ڵاتى پارێزگار و په‌یڕه‌وكردنى سیاسه‌تێكى نه‌رێنى له‌ سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانى سلێمانى كه‌ سه‌رۆكى شاره‌وانى ده‌سه‌ڵاتى مۆڵه‌تى پێدانى پڕۆژه‌ى هه‌یه، بەڵام‌ نایه‌وێت وه‌به‌رهێنه‌ر ببینێت. هەروەها كێشه‌ سیاسییه‌كانى نێوان یه‌كێتى و گۆڕان بۆته‌ پاشه‌كشه‌ى وه‌به‌رهێنان له‌ سلێمانى، لەلایەکی دیکەشەوە جیاوازى ڕێنماییه‌كانى كه‌رتى وه‌به‌رهێنان له‌ پارێزگاكانى هه‌رێم هۆكارێكى دیكه‌ بووه‌، به‌جۆرێك له‌ ناوچه‌یه‌ك ئاسانكارى ده‌كرێت به‌ پێچه‌وانه‌ى ناوچه‌یه‌كى دیكه‌وه‌.

ناس كورد: لە ئێستادا ئاستی وەبەرهێنانی سەرمایەدارانی کورد لەدەرەوەی هەرێمی کوردستان چۆنە؟ لە عێراق و وڵاتانی دیکەش؟

ماوەیەکە زۆر سەرمایەدار و وەبەرهێنەری گەورەی كورد بۆ سەرمایەگوزاری و كڕینەوەی پڕۆژە و كارگە روویان لە ئێران كردووە، ئێستاش ئەو حاڵەتە بەردەوامە؟

یاسین مه‌حمود: به‌بڕى 2 بۆ 3 ملیار دۆلار و به‌به‌شداى هه‌ندێك له‌ وه‌به‌رهێنه‌رانى كورد له‌ ئێران و توركیا و جۆرجیا و ناوچەکانی دیکەی عێراق به‌ پڕۆژه‌كانى بازرگانى و پیشه‌سازى و وزه‌ پڕۆژه‌ى وه‌به‌هێنه‌ر كورد هه‌ن له‌ ده‌ره‌وه‌. ته‌نها له‌ ئێران نزیكه‌ى 10 وه‌به‌رهێنه‌ر كارده‌كه‌ن بەشێوەیەک وه‌به‌رهێنه‌ر هه‌یه‌ پڕۆژه‌ى ستراتیجى له‌و وڵاته‌دا هه‌یه، بەڵام بەگشتی سزاکانی ئەمریکا کاریگەری نەرێنی لەسەر دۆخی ئەو وەبەرهێنەران هەبووە لە ئێران ڕێژەی چوونی سەرمایەداری کوردی بۆ ئەو وڵاتە کەمکردووەتەوە.