گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کاری تیمە دەریاییەکان بۆ ڕزگارکردنی کۆچبەرانی ڕێگا ئاوییە قاچاخەکان ڕاگیرا

2019.03.27 - 20:01
کاری تیمە دەریاییەکان بۆ ڕزگارکردنی کۆچبەرانی ڕێگا ئاوییە قاچاخەکان ڕاگیرا

 

ناس کورد-

یەکێتی ئەوروپا بڕیاریدا ئەو دەوریاتە دەریاییانەی کە هەوڵی ڕزگارکردنی کۆچبەرانی ڕێگا ئاوییەکان دەدەن لە کارەکانیان ڕابگرێت، لە بری ئەوان لە ڕێی فڕۆکەوە چاودێری دەریای ناوڕاست دەکات.

لەکاتی نوێکردنەوەی ئەرکەکانی 'پرۆسەی سۆفیا' کە تایبەتە بە ڕزگارکردنی ئەو کۆچبەرانەی لە ڕێی ئاوەوە کۆچ دەکەن بۆ ئەوروپا لە دەریای ناوڕاست، وڵاتی ئیتاڵیا ڕایگەیاند چیتر ئەو کۆچبەرانە وەرناگرێت کە ڕزگاردەکرێن.

یەکێتی ئەوروپا بڕیاری دا شەش مانگی دیکە کارەکانی پرۆسەی سۆفیا بەدەوام بێت، بەڵام تەنها لە ئاسمانەوە چاودێری بکەن، تیمە ئاوییەکان بۆ ڕزگار کردنی کۆچبەران ڕابگرن، کە پێشتر هەزاران کەسیان ڕزگارکردووە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری چەند دیبلۆماتکارێکەوە لە یەکێتی ئەوروپا بڵاوی کردۆتەوە، ناکرێت وڵاتانی ئەوروپا پشت لە پرۆسەی سۆفیا بکەن، دەبێت وڵاتی ئیتاڵیاش چاو بە بڕیارەکەیدا بخشێنێتەوە، ئاماژەیان بەوەشکردووە، نوێکردنەوەی ڕێککەوتن لە بارەی ئەو پرۆسەیەوە ژیانی چەندین مرۆڤ لە دەریادا ڕزگاردەکات.

 

بە گوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان، لە ساڵی ڕابردوودا 2 هەزار و 300 کۆچبەر لە دەریادا گیانیان لەدەستداوە، هەرچەندە ژمارەی کۆچبەران لە ساڵی 2018 دابەزیوە بۆ 141هەزار و 500 کەس بە بەراورد بە ساڵی 2015 کە یەک ملیۆن کۆچبەر بوون.

لە بەرامبەو ئەو هەڵوێستەی ئیتاڵیا، وڵاتانی ئیسپانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا ئامادەییان دەربڕیوە بۆ وەرگرتنی ئەو کەسانەی کە لە دەریاکاندا ڕزگاردەکرێن.