گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

بڕیاری دەستگیركردنیمان بۆ نەهاتووە

عەبدولخالق تەڵعەت بۆ ناس كورد: داوامان لێ بكرێت پارێزگاری موسڵ دەستگیر دەكەین

2019.03.27 - 15:48
عەبدولخالق تەڵعەت بۆ ناس كورد: داوامان لێ بكرێت پارێزگاری موسڵ دەستگیر دەكەین

ناس كورد- شەهرام عەزیز

دادگای پارێزگای موسڵ بڕیاری دەستگیركردن و قەدەغەكردنی گەشتكردنی بۆ نەوفل عاكووب دەركرد و بەهۆی ئەوەی ناوبراو لەشاری هەولێر نیشتەجێیە، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئاماژە بەوە دەكات "داوایان لێ‌ بكرێت پارێزگاری موسڵ دەستگیردەكەن".

عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند"ئێمە ناتوانین بە سەربەخۆیی هیچ شتێك بكەین لەو بارەیەوە و تاوەكو ئێستا بڕیاری دەستگیركردنی پارێزگاری موسڵمان پێنەگەیشتووە".

وتیشی "هەركات لە دادگاوە بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەرچوو، ئەوكات دەستدەكەین بە لێكۆڵینەوە و دەستگیری دەكەین".

ئەمڕۆ (چوارشەممە) دادگای تێهەڵچوونەوەی پارێزگای موسڵ فەرمانی دەستگیركردن و قەدەغەكردنی گەشتكردنی بۆ نەوفل عاكووب پارێزگاری شاری موسڵ و حەوت بەرپرسی دیكەی شارەكە، دەركرد و پاش بڕیارەكە پارێزگاری موسڵ وتی "بڕیارەكەم بەدەست نەگەیشتووە و هەموو كەس شوێنی من دەزانێت و من لە هەولێرم".

بڕیاری دەستگیركردنی پارێزگاری موسڵ و حەوت بەرپرسی دیكەی شارەكە پاش ڕووداوی ژێر ئاوكەوتنی بەلەمە گەشتیارییەكەی شاری موسڵ دێت كە بەهۆیەوە زیاتر لە 100 كەس گیانی لەدەستدا و تا ئێستاش چەندین كەس بێسەر و شوێنن.