گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەمڕۆ فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچوو

پارێزگاری موسڵ : شوێنی من دیارە من لەهەولێرم

2019.03.27 - 13:32
پارێزگاری موسڵ : شوێنی من دیارە من لەهەولێرم

ناس كورد-

نەوفەل عاكوب پارێزگاری لە كار لادراوی موسڵ رەتیدەكاتەوە هیچ بڕیارێك بۆ دەستگیركردن و قەدەغەكردنی گەشتكردنی دەركرابێت و ئاماژە بەوە دەكات كە هەموو لایەك شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو دەزانن كە لەشاری هەولێرە.

نەوفەل عاكوب پارێزگاری لەكارلادراوی موسڵ لەلێدوانێكی بە ماڵپەری (بەغداد ئەلیەوم)ی وتووە "ئەو هەواڵانەی باس لەدەستگیركردن و قەدەغەكردنی گەشتكردنمان دەكات ناڕاست و نادروستە، هیج بڕیارێكی لەو شێوەیە دەرنەچووە و كەسیش هیچی پێڕانەگەیاندووم ، لە كاتێكدا هەموو كەس شوێن و ناونیشانی من دەزانێت كە نیشتەجێی هەولێرم".

ئاماژە بەوەش دەكات بەهۆی بەسەرچوونی بەرواری پاسپۆرتەكەیەوە ناتوانێت گەشتی دەرەوەی وڵات بكات و ئامادەیی خۆشی دەربڕی بۆ چوونە بەردەم دادگا و بەرگریكردن لەخۆی.

رۆژی (یەكشەممە)ی رابردوو لەدانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا بەهۆی ژێر ئاوكەوتنی بەلەمێكی گەشتیاری لەشاری موسڵ و گیانلەدەستدان و برینداربوونی سەدان هاووڵاتی لەو رووداوەدا، نەوفەل عاكوب و هەردوو جێگرەكەی لە پۆستەكەیان دوورخرانەوە.

ئەمڕۆ (چوارشەممە) دادگای تێهەڵچوونەوەی پارێزگای موسڵ فەرمانی دەستگیركردن و قەدەغەكردنی گەشتكردنی بۆ نەوفل عاكووب پارێزگاری شاری موسڵ و حەوت بەرپرسی دیكەی شارەكە، دەركرد.
لەنووسراوەكەی دادگای تێهەڵچوونەوەی موسڵ كە ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ و بازگە و خاڵە سنورییەكان و سەرجەمی فڕۆكەخانەكان كراوە داوایان لێدەكات كە رێگری بكەن لەگەشتكردنی نەوفل عاكووب پارێزگاری موسڵ و حەوت بەرپرسی دیكەی دیوانی پارێزگای موسڵ.
بەپێی نووسراوەكانی دادگای موسڵ زۆرینەی ئەو بەرپرسانەی كە بڕیاری دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە لەئێستادا لەشاری هەولێر نیشتەجێن.