گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

كۆبوونەوەكەی پارتی و یەكێتی دوا کۆبوونەوە دەبێت؟

عەدنان موفتی بۆ ناس كورد: یەکێتی و پارتی بژاردەی دیکەیان نییە جگە لە ڕێککەوتن

2019.03.27 - 11:30
عەدنان موفتی بۆ ناس كورد: یەکێتی و پارتی بژاردەی دیکەیان نییە جگە لە ڕێککەوتن

ناس کورد-

شاندی پارتی دیموکراتی كوردستان و یەکێتی نیشتیمانی كوردستان سەبارەت بە دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم لە شاری سلێمانی کۆدەبنەوە و ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیش ڕایدەگەیەنێت "پارتی و یەكێتی بژارەی دیکەیان نییە وهەر دەبێت بگەنە ڕێکكەوتن".

عەدنان موفتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی تایبەت بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند "یەکێتی و پارتی بژاردەی دیکەیان نییە و هەر دەبێت بگەنە ڕێکكەوتن".

ئەگەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا هەردوو شاند نەگەنە ڕێکەوتن، ئەوە بەپێی وتەی پەرلەمانتاران و سەرکردەکانی پارتی لە سەرەتای مانگی داهاتوودا هەنگاوەکان بۆ کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم و پێکهێنانی حکومەت دەستپێدەکەن، لە بەرامبەردا هەندێک لە سەرکردەکانی یەکێتی لە میدیاکانەوە هەڕەشەی دوو ئیدارەیی لە پارتی دەکەن "لە ئەگەری هەنگاونان بەبێ یەکێتی".

لەو بارەیەوە عەدنان موفتی ئاماژەی بەوەکرد " بەهیچ شێوەیەک باسکردن لە دوو ئیدارەیی لە قازانجی هیچ کەس و لایەنێک و خەڵکی هەرێم نییە و پێموایە نابێت بیر لە بژاردەی وابکەینەوە و ئومێدم هەیە ئەمڕۆ هەردوولایەن بگەنە ڕێکەوتن".

لە ماوەی ڕابردوودا یەکێتی و پارتی دوو ڕێکەوتنیان واژۆکردووە، یەکێکیان لە 5ی شوباتی 2019 سەبارەت بە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و دووەمیان لە 5ی ئازاری 2019 سەبارەت بە ڕێککەوتن لەسەر هەرسێ پرسی حکومەتی هەرێم و کەرکوک وبەغدا، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کامیان جێبەجێ نەکراوە.

کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ (چوارشەممە)ی هەردوولایەن لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی كوردستانەوە یانزدەهەمین كۆبوونەوەیە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان و کۆبوونەوەی چوارەمە سەبارەت بە دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەکە، هاوکات کۆبوونەوەی سێهەمی شاندی نوێی هەردوولایە، کە لە 19ی ئاداری 2019 هەردوولا بە شاندێکی نوێوە کۆبوونەوە، بەڵام شاندە نوێیەکانیش نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێک.

بەپێی زانیارییەکانی ناس کورد كە لەسەرچاوەیەکی سەرکردایەتی یەکێتییەوە پێی دراوە "لە کۆبوونەوەی ڕابردووی نێوانیاندا، پارتی پێشنیازی ئەوەی کردووە سەرۆکی هەرێم دوو جێگری هەبێت و جێگرێکیان بدرێتە یەکێتی".

لە بەرامبەردا دوێنێ (سێشەممە) نوری حەمە عەلی ئەندامی سەرکردایەتی پارتی بە ناس کورد-ی وت "پارتی فرە جێگری ڕەتدەکاتەوە، چونکە ئەگەر سەرۆکی هەرێم دوو جێگری هەبێت دەبێت سەرۆکی حکومەتیش دوو جێگری هەبێت".
جێگری سەرۆکی هەرێم بەپێی ڕێکكەوتنی پارتی و گۆڕان پشکی بزوتنەوەی گۆڕانە و ساڵح ژاژڵەیی جێگری سەرۆکی جڤاتی گشتی گۆڕان بە ناس کورد-ی ڕاگەیاندبوو"پێمان باش نییە سەرۆکی هەرێم دوو جێگری هەبێت".