گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمانتارێك دزین ی نەوتی كەركوك لە ڕێگەی كونكردنی بۆرییەوە ئاشكرا دەكات

2019.03.27 - 10:45
پەرلەمانتارێك  دزین ی نەوتی كەركوك لە ڕێگەی كونكردنی بۆرییەوە ئاشكرا دەكات

ناس كورد-

ئەندامێكی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی كونكردنی بۆری نەوتی كەركوك و "دزین"ی نەوتی ئەو شارە چەند بەڵگەیەكی ڤیدیۆیی دەداتە نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق و رەخنە لەحكومەتی هەرێمی كوردستان دەگرێت كە لەبری بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیانەی كە ئاشكرایان دەكرد دەدرانە دادگا و غەرامە دەكران.

غالب محەمەد، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نوسینێكدا كە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاوی كردۆتەوە، ئاماژە بەوە دەكات "دوای ئەوەی كە نوسراوێكم ئاڕاستەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق و وەزارەتی نەوتی عێراق و هەواڵگری عێراق كرد لەسەر دزینی نەوتی كەركوك و ناوچەكانی تری عێراق كە لەڕێگەی بۆریەوە هەناردەی توركیا دەكرا و بە بەڵگەو بە ڤیدیۆ بۆریەكە كون دەكرا بەو هۆیەوە مەكتەبی بەڕێز عادل عەبدولمەهدی سێ جار پەیوەندیان پێوە كردم بۆ ئەوەی بەڵگەكان بۆ مەكتەبەكەی بنێرم".

بەوتەی غالب محەمەد دوێنێ (سێشەممە) هەموو بەڵگەكانی بەنووسراوی رەسمی ڕەوانەی نوسینگەی سەرۆك وەزیران كردوە و داوای كردووە لێیان كە بەجدی كاری تێدا بكەن.

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق، بەراورد لەنێوان بەدەنگەوەچوونی حكومەتی عێراق بۆ ئەو دۆسیانەی كە دەیخەنەڕوو لەگەڵ مامەڵەی حكومەتی هەرێم لەبەرامبەر ئەو دۆسیانە دەخاتەڕوو و دەڵێت "ئەوەی لێرەدا جێی سەرسوڕمانی منە ئێمە لە هەرێمی كوردستان چەندین مەلەفی گەندەڵیمان خستۆتە ڕوو لە بواری نەوت و بوارەكانی تردا بە بەڵگەوە، كەچی لەبری ئەوەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەكەی بەدواداچوون بكەن و لێپێچینەوە بكەن، كەچی ئێمە دەدراین بەدادگاو ئەمری گرتن بۆ ئێمە دەردەچوو و دەگیراین و غەرامەش دەكراین".