گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

دادگای باڵای فیدراڵ جەختی لە سڕکردنی کۆمسیاران کردەوە

2019.03.26 - 23:13
App store icon Play store icon Play store icon
دادگای باڵای فیدراڵ جەختی لە سڕکردنی کۆمسیاران کردەوە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد- فوئاد عەبدوڵا

دادگای باڵای فیدراڵ جەختی كردەوە لە سڕکردنی ئەنجومەنی كۆمسیاران و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق، یاساناسێکیش دەڵێت گەڕانەوەی ئەوکەسانە بۆ پۆستەکانی خۆیان لە دەستی ئەنجومەنی نوێنەراندایە.

 

لە ئێستادا دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوای لە کۆمسیاران کرد بگەڕێنەوە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و بەردەوام بن لە کارەکانیان، دادگای باڵای فیدڕاڵی ئەو بڕیارەی ڕەتکردەوە.

 

لەو بارەیەوە تاریق حەرب شارەزای یاسایی عێراقی بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن  ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ كارەكانی پێشوی خۆیان، تا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسایەك دەرنەكات بۆ گەڕاندنەوەیان، چونكە كۆمسیاران بە یاسا دوورخراونەتەوە لە كارەكانیان".

 

ئەو شارەزایەی بواری یاسا وتیشی: "دادگای باڵای فیدراڵی لە شیكردنەوەی یاسای دوورخستنەوەكەیان تەماشای لایەنە یاساییەكەی دەكات نەك کارگێڕییەكەی، بەو پێیەی یاسا بەهێزترە".

 

سەبارەت بە كاری ئێستای كۆمسیۆن تاریق حەرب دەڵێت: "لە ئێستادا كۆمسیۆن هیچ پاڵپشتییەكی یاسایی نییە و هەر كارێك بكەن بە ناوی كۆمسیۆنەوە ناشەرعیە و دادگای باڵای فیدراڵی ئەوەی سەلماندووە كە بە یاسا كۆمسیۆن سڕكراوە و دەبێت بەیاسا بگەڕێتەوە سەر كارەكانی" .

 

ئەو یاساناسە داوادەکات بەزوترین کات ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  بە دەنگی ئەندامانی یاسایەكی نوێ دەربكات و یاسای پێشوی پێ هەڵوەشێنێتەوە.

 

لە ئابی 2018 بە پێی حوكمەكانی ماددەی 4 لە یاسای هەمواركراوی سێهەمی یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە 45ی ساڵی 2013، دەبێت هەموو كارەكانی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیارانی باڵا، لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن بوەستێنرێت، تا كۆتایی هاتنی لێكۆڵێنەوەكانی ئەو تاوانانەی خراوەتە پاڵیان سەبارەت بە ساختەكاری لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ساڵی 2018ی عێراق.