گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

كاركردن بە پێناسی باری شارستانی و ڕەگەزنامەی عێراقی بەردەوام دەبێت

2019.03.26 - 21:55
كاركردن بە پێناسی باری شارستانی و ڕەگەزنامەی عێراقی بەردەوام دەبێت

 

ناس كورد- فوئاد عەبدوڵا

بەرێوبەری کاروباری شارستانی سلێمانی ئەو هەواڵانەی ڕەتكردەوە كە باس لە ڕاگرتنی كاركردن بە پێناسی باری شارستانی و ڕەگەزنامەی عێراقی دەكەن، دەشڵێت، ڕاگرتنی كاركردن بەو بەڵگەنامانە تەنها لە دەسەڵاتی  وەزیری ناوخۆی عێراقە.

 

موقەدەمی یاسایی فازڵ فایەق بەرێوبەری کاروباری شارستانی سلێمانی بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "كاركردن بە بەڵگەنامەکانی پێناسی باری شارستانی و ڕەگەزنامەی عێراقی بەردەوام دەبێت، ڕاگرتنی كاركردن بەو بەڵگەنامانە تەنها لە دەسەڵاتی  وەزیری ناوخۆی عێراقە و لە ڕێگەی بڕیارێكی گشتگیرەوە بۆ هەموو عێراق دەبێت" .

 

بەرێوبەری کاروباری شارستانی سلێمانی وتیشی: "هیچ كاتێك دیاری نەكراوە بۆ راگرتنی ئەو بەڵگەنامانە، بەو پیێەی تا ئێستا لە هەندی شوێنی عێراق  فەرمانگەكانی دەرهێنانی كارتی نیشتمانی هەر نەكراوەتەوە".

 

لە بارەی فەرمانگەكانی كارتی نیشتمانی لە سنوری پارێزگای سلێمانی، فازڵ فایەق ئاماژەی بەوەکرد، لە سلێمانی لە كۆی 35 فەرمانگە تەنها 15 فەرمانگە كراوەتەوە، ژمارەی دەرهێنانی كارتی نیشتمانی لە ڕۆژیكدا دەكەوێتە سەر فەرمانگەكە، "سلێمانی فەرمانبەری زیاترە ڕۆژانە نزیكەی  250 مامەڵەی كارتی نیشتمانی جێبەجێ دەكات بۆ هاوڵاتیان، لە پێنجوێنیش نزیكەی 60 مامەڵە بەڕێدەکرێت" .