گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

کشتوکاڵی گەرمیان: قەرەبوی جوتیاران ناکرێتەوە

گەرمیان؛ زەوییە کشتوکاڵییەکانی نزیک ڕوباری سیروان زیانی زۆریان پێگەیشتووە

2019.03.26 - 21:37
گەرمیان؛ زەوییە کشتوکاڵییەکانی نزیک ڕوباری سیروان زیانی زۆریان پێگەیشتووە

 

 

ناس کورد- سۆما ئەمجەد

جوتیارانی گەرمیان بە تایبەتی ئەوانەی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان دەکەوێتە سنوری ڕوباری سیروانەوە بە هۆی لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی سیروانەوە زیانی زۆریان پێگەیشتووە، بەڕێوبەری کشتوکاڵی گەرمیانیش دەڵێت، تا لافاو و باران بەردەوامبێت، ناتوانن لێکۆڵینەوە لە زیانەکان بکەن.

 

جوتیارێکی گەرمیان بە ناوی ئیبراهیم عەبدولرەحمان بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "لە نزیک ڕوباری سیروان 10 دۆنم زەوی گەنمم چاندووە، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ڕوباری سیروان، چونکە ئاوی بەنداوی دەربەندیخان بەردراوەتەوە، نیوەی ئەو گەنمەی چاندوومە ئاو بردوویەتی".

ئەو جوتیارە ئاماژەی بەوەشکرد، چەند جوتیارێکی تری هاوڕێی تەواوی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان کە گەنمیان تیا چاندووە ئاوی سیروان بردوویەتی.

لە بارەی زیانە کشتوکاڵییەکانی سنوری گەرمیان شادیە حسێن بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ ناس کورد ڕایگەیاند: "بەهۆی بارینی بڕێکی زۆر باران و بوونی لافاو، لە ناوچەکانی سنوری گەرمیان پێشبینی ئەوە دەکەین زەوییە کشتوکاڵییەکان بەگشتی توشی زیان بووبن بە تایبەت ئەو زەوییانەی نزیکی ڕوباری سیروانن، تا لافاو و باران بەردەوام بێت ناتوانین لێکۆڵینەوە بکەین".

بەڕێوبەری کشتوکاڵی گەرمیان لەبارەی قەرەبوکردنەوەی جوتیاران وتی: "ساڵی ڕابردوو بەهۆی وشکەساڵیەوە زۆرێک لە جوتیارانی ناوچەی گەرمیان توشی زیان بوون، هەوڵی زۆرماندا بۆ دەستکەوتنی قەرەبو بۆیان، بەڵام هیچ سودی نەبوو، بۆیە ئێمە ئەمساڵیش دڵنیاین لەوەی کە هیچ قەرەبویەکی جوتیاران ناکرێتەوە".

ئاماژەشی بەوە دا کە ساڵی ڕابردوو بڕی گەنمی بەرهەم هاتوو نزیکەی 100 هەزار تەن بووە، بەڵام پێشبینی دەکەن بۆ ئەمساڵ ڕێژەکە بەرزببێتەوە بۆ دوو هێندە.

وێڕای بوونی بەرهەمێکی زۆری گەنم لە ناوچەکە بەڵام حکومەتی عێراق لەو بڕەی ساڵی پار تەنها نزیکەی 5٪ی بەرهەمی گەنمی جوتیارانی گەرمیانی وەرگرتووە.

ناوچەی گەرمیان ناوچەیەکی بەپیتەو ساڵانە بڕێکی باش دانەوێڵەی تیادا بەرهەم دەهێندرێت، بڕی ئەو زەوییە کشتوکاڵییانەی کە بۆ دانەوێڵە لە گەرمیان گونجاون نزیکەی 400هەزار دۆنم زەویە.