کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد-شەهرام عەزیز
سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین رەتیدەكاتەوە بەشێك لە پردی دەربەندی ڕانیە رووخابێت و ئاماژە بەوە دەكات تەنها بەشێك لە گڵی تەنیشت پردەكە ڕۆچووە.
هیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین تایبەت بە ناس كورد-ی راگەیاند "تەنها بەشێك لە گڵی تەنیشت پردەكە ڕۆچووە و هەر ئەمڕۆ (سێشەممە) سەردانی پردەكەمان كردووە هیچ مەترسییەكی لەبەردەم هاتوچۆی ئۆتۆمبێل دروست نەكردوە و لیژنەیەكیشمان پێكهێناوە بۆ ئەو مەبەستە و بەزووترین كاتیش چاكی دەكەینەوە".
بەوتەی سەرپەرشتیاری ئیداری راپەڕین بۆ ئەوەی حاڵەتی نەخوازراو روونەدات كۆبونەوەیەكیان كردوە و بڕیاریانداوە هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بۆ لەمەودوا بەسەر پردەكەدا، قەدەغە بكرێت، هەتاوەكو پردەكە لە ئاسنەوە دەگۆڕدرێت بە كۆنكرێت.
پردی دەربەندی ڕانیە كە پشدەر و بتوێن بە بنگرد و بناری كۆسرەت دەبەستێتەوە، ماوەی 15 ساڵە دروستكراوە، بەڵام بەهۆی خراپ دروستكردنی پردەكە و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی دوكان لە ئەمساڵدا مەترسی ڕووخانی لەسەرە.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین روونیكردەوە پردەكە پڕۆژەی بۆ دەرچووە و كۆمپانیا تێیدا دەستبەكار بووە.
وتیشی "كێشەكەمان ئەوەیە ئاوی دەربەندەكە زۆر زیادی كردووە و كۆمپانیاكە ناتوانێت كاری تێدا بكات، بۆیە لە ئێستادا سەرقاڵی ئەوەین چارەسەرێك بۆ ئەوە بدۆزینەوە".