گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

ئامانج لێی سەوزكردنی قەزاكەیە

هەڵمەتی كاوە گەرمیانی بۆ سەوز كردنی كەلار ئەنجام دەدرێت

2019.03.26 - 09:46
App store icon Play store icon Play store icon
هەڵمەتی كاوە گەرمیانی بۆ سەوز كردنی كەلار ئەنجام دەدرێت

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد-شۆڕش محەمەد

لەسەر ئەركی خانەوادەی رۆژنامەنووسی شەهید كاوە گەرمیانی و بەئامانجی سەوزكردنی شارەكە، هەڵمەتی كاوە گەرمیانی بۆ سەوزكردنی كەلار، ئەنجام دەدرێت.

شیرین ئەمین ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی گۆڕان و هاوسەری رۆژنامەنووسی شەهید كاوە گەرمیانی تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند "بەناوی خانەوادەی كاوە گەرمیانی بڕیاربوو ئەمڕۆ لەكاتژمێر 10 دا هەڵمەتی ناشتنی 500 دار لەشاری كەلار ئەنجام بدەین، بەڵام بەهۆی باران بارین و نەگونجانی كەشوهەواوە ئەنجامدانی هەڵمەتەكەمان بۆ كاتێكی تر دواخست".

شیرین ئامانجی هەڵمەتەكە رووندەكاتەوە كە كەلار هاوینێكی وشك و گەرمی هەیە و رێژەی سەوزایی تاوەكو ئێستا نزیكە لەسەدا 8 لەكاتێكدا بەپێی ستاندار دەبێت لەسەدا 12 بێت، دەڵێت "بۆیە بەناوی خانەوادەی كاوە گەرمیانی و لەژێر ناوی ( هەڵمەتی كاوە گەرمیانی بۆ سەوزكردنی كەلار) بڕیارمانداوە ئەو 500 نەمامە بچێنین".
كاوە گەرمیانی‌ سەرنووسەری‌ گۆڤاری‌ رایەڵ‌‌ و پەیامنێری‌ رۆژنامەی‌ ئاوێنە لەگەرمیان، لە 2013/12/5 لەلایەن چەند چەكدارێكەوە درایەبەر دەستڕێژی‌ گولـەو دەستبەجێ گیانی لەدەستدا، تیرۆركردنیشی‌ ناڕەزاییەكی‌ زۆری‌ لەهەرێمی‌ كوردستان بەدوای‌ خۆیدا هێنا.
هاوسەری كاوە گەرمیانی ئاماژە بەوە دەكات هەر لەسەروبەرندی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە وەكو خانەوادەی كاوە گەرمیانی بڕیاری ئەوەیانداوە كە تەنها لەناو پەرلەمانەوە خزمەتی خەڵك نەكەن بەڵكو لەدەرەوەی پەرلەمانیش پڕۆژەیان هەبێت.
"رەنگە ئەمە یەكەمین پڕۆژەی ئێمە بێت ئەگەر پڕۆژەیەكی بچووكیش بێت، بەڵام بێگومان لەداهاتوودا پڕۆژەی دیكەمان دەبێت و ناوچەكە پێویستی بەچ پڕۆژەیەك و خزمەتگوزارییەك هەبێت بڕیاری لەسەر بدەین" شیرین ئەمین وای وت.