گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

4رۆژ بەسەر كۆتایی داعش تێدەپەڕێت

حكومەتی هەرێم هیچ راگەیەندراوێكی لەبارەی كۆتایی داعش بڵاونەكردۆتەوە

2019.03.26 - 08:40
حكومەتی هەرێم هیچ راگەیەندراوێكی لەبارەی كۆتایی داعش بڵاونەكردۆتەوە

ناس كورد-شۆڕش محەمەد


چوار رۆژ بەسەر كۆتایی رێكخراوی داعش لەسوریا لەسەر دەستی شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) تێدەپەڕێت و تائێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ راگەیەندراوێكی بۆ ئەو رووداوە گرنگە دەرنەكردووە.

رۆژی (شەممە)ی رابردوو هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) گوندی (باغوز)یان ئازادكرد كە دواهەمین مۆڵگەی رێكخراوی داعش بوو لەوڵاتی سوریا و لەمەراسیمێكدا سەركەوتنی یەكجارەكییان بەسەر ئەو رێكخراوەدا، راگەیاند.

ئازادكردنی باغوز و كۆتایهاتنی رێكخراوی داعش لەسوریا بووە رۆژەڤی هەواڵی میدیا و ئاژانسە جیهانییەكان و كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی راگەیەندراوێكی زۆر لەو بارەیەوە بڵاوكرایەوە.

ئەوەی جێی سەرنجە لەو رۆژەوەی كە باغوز ئازادكرا و سەركەوتنی یەكجارەكی بەسەر رێكخراوی داعش لەسوریا و ناوچە كوردنشینیەكانی ئەو وڵاتە راگەیەندراوە هەتا ئەمڕۆ (سێشەممە) حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ راگەیەندراو و لێدوانێكی لەبارەی ئەو رووداوە گرنگە نەبووە و لەماڵپەری سەرەكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دواهەمین راگەیەندراوی حكومەت راگەیەندراوێكی هاوخەمیی بووە بۆ ژێر ئاوكەوتنی بەلەمە گەشتیارییەكەی شاری موسڵ كە بەهۆیەوە هاووڵاتییەكی زۆر بوونە قوربانی.

رۆژی 23ی ئاداری 2019 مستەفا بالی وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لەرێگەی بڵاوكردنەوەی تویتێك لەهەژماری خۆی لەتویتەر "سەركەوتنی یەكجارەكی بەسەر رێكخراوی داعش لەسوریا راگەیاند".

لەدوای بەرزكردنەوەی ئاڵای هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لەباغوز (دواهەمین مۆڵگەی داعش لەسوریا)، فەرماندەیی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات مەراسیمێكیان بۆ راگەیاندنی فەرمی كۆتایهاتنی داعش، ئەنجامدا.

لەمەراسیمەكەدا فەرماندەكانی هێزەكانی سوریای دیموكرات و نوێنەرانی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و ئەنجوومەنە خۆجێیەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا و ئەنجوومەنی دیموكراتی سوریا و نوێنەرانی پارتە سیاسیەكان و سەرۆك هۆزەكانی ناوچەكە، ئامادەی بوون.

مەراسیمەكە بەسرودی (ئەی رەقیب) و بەنمایشێكی سەربازی شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەستی پێكرد.

لەمەراسیمەكەدا مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) رایگەیاند "لە ماوەی پێنج ساڵی شەڕی دژ بە داعش، زیاتر لە 11 هەزار شەهیدمان لە هێزەكانمان لە فەرماندە و شەڕڤانەكان و هاووڵاتیانی سڤیل داوە، هەروەها 21 هەزار شەڕڤانی دیكەشمان برینداربوون".