گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەگەری کاردانەوە بەرامبەر هەرێم هەیە

پەرلەمانتارێک: سێ مانگە عێراق پارە دەنێرێت هەرێم یەک تەنەکە نەوتی ڕادەستنەکردووە

2019.03.25 - 19:31
پەرلەمانتارێک: سێ مانگە عێراق پارە دەنێرێت هەرێم یەک  تەنەکە  نەوتی ڕادەستنەکردووە

ناس کورد- 

ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ڕەخنە لە حکومەتی هەرێم دەگرێت بەوەی نەوت ڕادەستی بەغداد ناکات و ڕایدەگەیەنێت، "ئەم شەرە تەنیا بە ئێمەی پەرلەمانتاران ناکرێت".

لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبوک بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامی پەرلەمانی عێراق کە هاوکات ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتییە، ڕایگەیاندووە: "ماوەی سێ مانگە حکومەتی عێراق مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان دەنێرێت بێ ئەوەی لە بەرانبەردا هەرێم یەک 'تەنەکە' نەوتی ڕادەستی سۆمۆ کردبێت، لە کاتێکدا لە بودجەی 2019دا هاتووە کە هەرێم دەبێت ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەست بکات بەڵام هەرێم نیازی پابەندبوونی نیە".

 

بڵێسە جەبار فەرمان ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕۆژانە لەناو پەرلەمان و لە لیژنەی پەیوەندیدار ڕوبەڕوی ڕەخنەی توندی نوێنەرانی پارێزگاکانی تر دەبنەوە و ئەگەری کاردانەوە بەرامبەر بە هەرێم هەیە، کە دووبارە راگرتنی مووچەش بەدوای خۆیدا بێنێت.

 

"ئەگەر هاتو واژووی بۆ کۆکرایەوە، دەتوانرێت دووبارە پرسی ناردنی مووچەی فەرمانبەران بهێنرێتەوە ناو پەرلەمان و ئاڵۆگۆر بەسەر ئەو برگەیەدا بهێنن و رایبگرن" ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وادەڵێت.

لە بارەی هەنگاوەکانی ئەوان بۆ پرسی بەشە بودجەی هەرێم بڵێسە جەبار فەرمان دەڵێت: "ئێمە بە ئەرکی سەرشانی خۆمان هەستاوین، لە شەڕی مافی هاوڵاتیانی هەرێم و لە داکۆکی لێکردنیان بەردەوام دەبین، بەڵام ئەم شەڕە تەنها بە ئێمەی نوێنەران ناکرێت و بەبێ پابەندبوونی حکومەتی هەرێم بە بڕیارەکانەوە، لەم شەڕەدا سەرکەوتوو نابین و بەوەش قەیرانەکانی هەرێم و بێ مووچەیی بەردەوام دەبێت".