گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

50 ملیار دینار بۆ سەرژمێری گشتی عێراق تەرخانکراوە

هەرێمی کوردستان بە دوو ئەندام بەشدارە لە لیژنەی باڵای سەرژمێری گشتی

2019.03.25 - 17:10
هەرێمی کوردستان بە دوو ئەندام بەشدارە لە لیژنەی باڵای سەرژمێری گشتی

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

وەزارەتی پلاندانانی عێراق دروستكردنی لیژنەی باڵای سەرژمێری گشتی ڕاگەیاند و بڕی 50ملیار دیناری بۆ ئەو مەبەستە تەرخانكردووە، کە بە نیازە لە مانگی ئەیلولی 2020 سەرژمێری گشتی لە عیراقدا ئەنجامبدات، هەرێمی کوردستانیش بە دوو ئەندام بەشدارە لە لیژنەی باڵای سەرژمێری گشتی عیراق.

عەبدول زوهرە هینداوی وتەبێژی فەرمی وەزارتی پلاندانانی عیراق تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "لە كۆبوونەوەیەكی فراواندا لیژنەی باڵای سەرژمێری گشتی لەعێراق دامەزرا و ئەركی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی ساڵی 2020 دەگرێتە ئەستۆ".

لە بارەی لیژنەکەوە عەبدول زوهرە هینداوی وتی: "لیژنەكە 23 ئەندامی هەیە و بە سەرۆكایەتی وەزیری پلاندانی عێراقە، هەرێمی كوردستانیش بە دوو ئەندام بەشدارە لەو لیژنەیە، كە یەک لەوانە سەرۆكی دەستەی ئاماری كوردستانە، ئەوی دیکەشیان حكومەتی هەرێم خۆی دیاریدەكات".

ئەو بەرپرسە هیوای خواست لایەنە سیاسییەكان كێشەكانیان وەلابنێن و ئەو سەرژمێرییە ئەنجامبدرێت و دوانەخرێت، دەشڵێت: "نابێت هاوشێوەی سەرژمێرییەكەی ساڵی 2010ی لێبێت، چونكە عێراقی 2019 زۆر جیاوازترە لە عێراقی 2010 و دەبێت هەموو لایانەكان درك بە گرنگی ئەم سەرژمێرییە بكەن، چونكە پەیوەستە بە ژیان و پێشكەوتنی عێراقییەكان و هەموو پلانە ستراتیژییەكان لەسەر ئەم سەرژمێرییە دادەڕێژرێت".

لە بارەی بودجەی تەرخانکراو بۆ ئەو پرۆسەیە، وتەبێژی فەرمی وەزارتی پلاندانانی عیراق ئاشکرایکرد، حكومەتی فیدراڵی 50 ملیار دیناری بۆ پرۆسەكە تەرخانكردووە.