گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

یەکێتی داوای پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کردووە؟

وتەبێژی یەکێتی: کاتێک کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ پارتی یەکلاکەرەوە دەبن بگەینە ڕێککەوتن

2019.03.25 - 16:25
وتەبێژی یەکێتی: کاتێک کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ پارتی یەکلاکەرەوە دەبن بگەینە ڕێککەوتن

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کۆبوونەوەیەکدا پرسەکانی ناخۆی خۆیی و پێکهێنانی حکومەتی تاووتوێکرد، وتەبێژی حزبەکەش ڕەتیکردەوە کۆبوونەوەی داهاتوویان لەگەڵ پارتی یەکلاکەرەوەبێت، ڕایگەیاند، "كۆبوونەوەی یەكلاكەرەوەی یەكیتی ئەو كاتە دەبێت كە دەگاتە ڕێككەوتن لەگەڵ پارتی".

پاش کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ تاووتوێكردنی پرسەكانی مەكتەبی سیاسی و دوا پێشهاتەكانی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بوو".

لەتیف شێخ عومەر لە بارەی کۆبوونەوەی داهاتوویان لە گەڵ پارتی و گەیشتنیان بە ڕێککەوتن وتی: "کۆبوونەوەمان لە گەڵ پارتی کاتێک یەکلاکەرەوەیە کە بگەین بە ڕێککەوتن".

بە گوێرەی زانیارییەکانی ناس کورد، یەکێک لە داواکارییەکانی یەکێتی لە پارتی، پێدانی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمە، کە لە ئێستادا گۆڕان بەڵێنی پێدانی ئەو پۆستەی لە پارتی وەرگرتوە و لە ڕێککەوتنی پارتی و گۆڕان جێگیر کراوە، لەو بارەیەوە وتەبێژەكەی یەكێتی ئاماژەی بەوەکرد، لە ئێستادا لە دانوستاندان و دركاندنی ئەو وردەكارییانە زیان بە دانوستانەكانی نێوان پارتی و یەکێتی دەگەیەنێت.

 لە چوار دانیشتنی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان یەکێتی بایکۆتی کردووە، لەتیف شێخ عومەر ئاماژەی بەوكرد، بەشداری کردن یان بەشداری نەکردنی فراكسیۆنەكەیان پەیوەندی بە ڕەوتی  چونەپێشەوەی كۆبوونەوەكانیانە لە گەڵ پارتی.

پارتی و یەكێتی بۆ تاووتوێكردنی پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێ و دابەشکردنی پۆستەکان، چەند كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامداوە، بەڵام وێڕای گۆڕینی شاندەکانیان و واژووکردنی ڕێککەوتن، نەگەیشتونەتە ڕێککەوتن بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێم.