گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

ئاگاداركراونەتەوە شوێنەكانیان چۆڵ بكەن

بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی دوكان مەترسی بۆ سەر چەند ناوچەیەك دروست دەكات

2019.03.25 - 14:44
بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی دوكان مەترسی بۆ سەر چەند ناوچەیەك دروست دەكات

ناس كورد-شۆڕش محەمەد


بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی دوكان مەترسی بۆ سەر ئەو ناوچانە دروست كردووە كە سنوری بەنداوەكەیان بەزاندووە و لەرێگەی حكومەتەوە ئاگاداركراونەتەوە شوێنەكانیان چۆڵ بكەن. 

محەمەد تاهیر بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند "ئاستی ئاو لەبەنداوی دوكاندا 50911 مەتر لە رووی ئاستی دەریاوەیە و لەم ئاستەدا دەریاچەكە 6,4 ملیار مەترە سێ‌ جا ئاوی تێدایە لەبڕی 7ملیار".

بەوتەی بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان ئەگەر ئەم ئاستە بەراورد بكرێت لەگەڵ ساڵی پاردا، ئاستی ئاوی بەنداوەكە نزیكەی 8 مەتر لەپار بەرزترە و لە 24 سەعاتی رابردوودا لەئەنجامی ئەو بارانەی كە ڕووی كردۆتە ناوچەكە كە تێكڕای 24 ملیمەتر بووە پێنج سانتیمەتر دەریاچەی دوكان بەرزبۆتەوە.

بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان هۆشداری ئەوە دەدات كە ئەگەر بێتو باران بەمشێوەیە بەردەوام بێت و دەریاچەكەیان پڕ بێت و وای لێ‌ بێت نەتوانن كۆنترۆڵی بەنداوەكە بكەن و بۆ راگرتنی باڵانس ناچار بن كەمێك ئاو بەربدەنەوە ئەوا زیان بەو ناوچانە دەگەیەنێت كە سنوری بەنداوەكەیان بەزاندووە.

"ئەوانەی كەسنوری بەنداوەكانیان بەزاندووە بریتین لەو كەسانەی كە كەپریان دروستكردووە و ئەوانەن كە گڵ دەكەن ئاوەكەوە و خانووی لەسەر دروست دەكەن و ئەوانەن كە حەوزی ماسیان دروست كردوە و غەسالەیان داناوە و ئەوانەن كە خانوویان لەناو هێڵی موحەرەماتی بەنداوەكە دروست كردووە" محەمەد تاهیر وای وت.

ئاماژە بەوە دەكات ئەو كەسانەی سنوری بەنداوەكەیان بەزاندووە هەموو كات ژیانیان بەهۆی بەنداوەكەوە لەمەترسیدایە و بۆ ئەوەی زیان بەخۆیان و موڵك و ماڵیان نەگەیەنرێت ئاگاداركراوونەتەوە كە ئەم دوو مانگەی كە ماوە كە ماوەی گلدانەوەی ئاوە لەو ناوچانە دوور بكەونەوە.
بەنداوی دووكان لە ساڵانی 1954 تا 1959 لەسەر رووباری زێی بچووكدا و لە پارێزگای سلێمانی كوردستاندا دروست كراوە، ئەم بەنداوە60 كیلۆمەتر لە شاری سلێمانی و نزیكەی 100 كیلۆمەتر لەشاری كەركووكەوە دوورە.

بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان نیگەرانە لەوەی كە هەتا ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەكان نەیانتوانیوە یاسای موحەرەمەی زێكە جێبەجێ بكەن و دەڵێت "كاتی خۆی حكومەتمان ئاگادار كردەوە كە موحەرەماتێك بۆ زێكە دابنێت بەپێی یاسا و حكومەت بەخۆشحاڵییەوە زۆر بەباشی هاتۆتە پێشەوە و لیژنەی پێكهێناوە بۆ ئەوەی موحەرەمەی زێكە دەستنشان بكرێت و هێڵی ژێر ئاو كەوتوو دیاری كراوە و ئەمانە دراوە بەلایەن پەیوەندیدارەكان بەڵام جێبەجێ‌ نەكراوە".