کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد - ئەحمەد مستەفا
گۆڕان بۆ پۆستە حکومییەکان هیچ کەسێک لەدەرەوەی سیڤی کاندید ناکات، بزوتنەوەکەش لەگەڵ کەمکردنەوەی پۆستەکانی حکومەت و دامەزراوەکانی هەرێمە و هیچ کات هاوکار نابن بۆ زیادکردنی پۆستەکان، ئەوەش بە وتەی ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان.
بزوتنەوەی گۆڕان دوای بڕیاردانی لە بەشدارییکردن لە کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەپێی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان نزیکەی 60 پۆستی لە کابینە نوێیەکەدا بەردەکەوێت، لە ئێستاشدا سەرقاڵی یەکلاکردنەوەی کاندیدەکانیان بۆ ئەو پۆستانە.
چالاک موهەندیس، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە ناس کورد-ی راگەیاند: "جڤاتی نیشتمانی و خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان، لیژنیەکی حزبی و تەکنیکی هەمەلایەنەیان بۆ پاکتاوکردنی ئەو سیڤیانەی پێشکەشی ژوری حکومەت کراون دروستکردووە و هەڵسەنگاندن دەکەن بۆ ئەو 500 سیڤیەی بەمەبەستی وەرگرتنی پۆستی وەزاری و حکومەت پێشکەشی بزوتنەوەکە کراون، تا جڤاتی نیشتمانی بڕیار لەسەر ناو و پۆستەکان بدات".
ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی جەختیشیکردەوە کە هیچ پۆستێکی بزوتنەوەکە نییە لەدەرەوەی سیڤی دابنرێت، "بڕیاری سەرکردایەتی گۆڕان بەو جۆرەیە کە تەنانەت هەموو پۆستە باڵاکان بە وەزیرو بەڕێوبەرە گشتی و جێگرەکانیشەوە دەبێت لە چوارچێوەی سیڤی دابنرین، بە ڕەچاوکردنی ئاستی حزبی و زانستی و شارەزایی سیاسی دەبێت".
پارتى دیموكراتى كوردستان وهك لیستى براوهى ههڵبژاردنى خولى پێنجهمى پهرلهمانى كوردستان و پێكهێنهرى كابینهى نۆ، له 18ى شوباتى 2019، ڕێكهوتنێكى چوار ساڵى بۆ پێكهێنانى حكومهت لهگهڵ بزوتنهوهى گۆڕان به نوێنهرایهتى ڕۆژ نوری شاوەیس ئەندامی مهكتهبى سیاسى پارتى و جهلال جهوههر، ئهندامى خانهى ڕاپهڕاندن واژۆكرد.
ئەمڕۆ شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی لە پیرمام کۆبونەوە، بەپێی زانیارییەکانی ناس کورد کە پێشتر بڵاویکردوە، پارتی لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیاری پێدانی پۆستی وەزیری پێشمەرگە و زیادکردنی جێگرێک بۆ سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری سەربازیی کردووە وەک پشکی یەکیتی.
دەربارەی پێدانی پۆستی وەزیری پێشمەرگە بە یەکێتی و گفتوگۆکانی پارتی و یەکیتی ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆران ئەوەیخستەروو، "بەلای گۆرانەوە گرنگە یەکێتی و پارتی بگەنە ئەنجامێک کە هەردوولایان بەپشک و داوای خۆیان ڕازی بن و دواتر، هەر سێ لامان پێکەوە حکومەتیکی پتەو و تۆکمە دروستبکەین".
دەربارەی زیادکردنی جێگرێک بۆ سەرۆکی هەرێم، چالاک موهەندیس وتی "گۆڕان لەگەڵ کەمکردنەوەی پۆستەکانی حکومەت و دامەزراوەکانی هەرێمە و هیچ کات هاوکار نابێت بۆ زیادکردنی پۆست، بە تایبەت زیادکردنی پۆست بۆ ئەوەی حزبێک ڕازی بکرێت، ئێمە لەگەڵ ئەو مەبدەئە نین، بەڵام ئەوە لەسەر یەکێتی و پارتی دەوەستێتەوە چۆن ڕێکدەکەون گەر یەکێتی و سوربێت لەسەر نەچوونە حکومەت و بیانوو بهێنێتەوە ئەوە لەگەڵ پارتی هەنگاوێکی نوێمان دەبێت".
هەرچی لەبارەی پرسی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمە، ئەندامەکەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان وتی: "وەکو فراکسیۆنی گۆران پڕۆژەیەکمان هەیە بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و دەشمانەوێت بە تەوافقی سیاسی پرسەکە یەکلابکرێتەوە، بۆ ئێمە گرنگە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم لەژێر چاودێری پەڕلەماندا بێت".