گه‌ڕان

Shadow Shadow
وه‌رزش

زیدان دەیەوێت کارێکی مەحاڵ لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید ئەنجام بدات

2019.03.24 - 20:08
زیدان دەیەوێت  کارێکی مەحاڵ  لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید ئەنجام بدات

ناس کورد-

 

زینەدین زیدانی ڕاهێنەری یانەی ڕیاڵ مەدرید خواستی ئەوەی هەیە سەرجەم یارییەکانی ئەم وەرزەی یانەکەی بە بردنەوە کۆتایی پێبهێنێت ئەوەش لەپێناو لەدەستنەدانی هیچ هەلێک بۆ نزیکبوونەوە لە بەدەستهێنانی خولی ئیسپانی.

 

هەرچەندە کاتێکی زۆر لەبەردەم ڕیاڵ مەدرید-دا نەماوە لە وەرزی 2018-2019 دا، بەڵام زیدانی ڕاهێنەری یانەکە دەیەوێت لە سەرجەم یارییەکانی داهاتوویاندا سەرکەوتن بەدەستبهێنن.

 

ئەمڕۆ یەکشەممە رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاماژەی بەوەکردووە، ڕیاڵ مەدرید لەم وەرزەدا هێشتا 10 یاری ماوە ئەنجامی بدات و زیدانی ڕاهێنەر دەیەوێت سەرجەمیان بە بردنەوە کۆتایی پێبهێنێت، پاش ئەوەی ڕاهێنەرە فەڕەنسییەکە لە یەکەم تاقیکردنەوەیدا لە دوای گەڕانەوەی بۆ ڕیاڵ مەدرید بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەسەر سەڵتافیگۆ-دا بەدەستهێنا.

ئەم خواستەی زیدان ئەگەرچی کارێکی قورسە بۆ یانەکە کە لە ماوەی ڕابردوودا بە دۆخێکی خراپدا تێدەپەڕی، بەڵام کارێکی مەحاڵیش نییە، چونکە لە یەکەم وەرزی دەستبەکاربوونیدا لە 2015-2016 لە ناوەڕاستی وەرزدا زیدان لەوە قورستری ئەنجامدا و 12 یاری بەدوای یەکدا بردەوە.

 

زیدانی فەڕەنسی لە ناوەڕاستی وەرزی 2015-2016  بووە ڕاهێنەری ڕیاڵ مەدرید و سێ وەرزی یەک لەدوای یەک توانی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپای بەدەستبهێنێت، کۆتایی وەرزی ڕابردوو لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراودا دەستی لە ڕاهێنەرایەتی یانەکە کێشایەوە و لە دوای ڕۆشتنی  ئەو ڕاهینەرە فەڕەنسیە ڕیاڵ مەدرید لەم وەرزەدا دوای هێنانی دوو ڕاهێنەر بۆ جێگەی زیدان، بەڵام بە ئاستێکی خراپدا تێپەڕی و سەرجەم نازناوەکانی ئەم وەرزەی لەدەستدا، تاوەکو جارێکیتر پێرێزی سەرۆکی یانە مەدریدییەکە لە بەرواری 11/3/2019 جارێکیتر زیدانی گەڕاندەوە بۆ یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ.