گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پۆلیس بەدوایدا دەگەڕێت

تا ئێستا پلانداڕێژەری دزییەکەی نەخۆشخانەی شار دەستگیرنەکراوە

2019.03.24 - 18:40
تا ئێستا  پلانداڕێژەری  دزییەکەی نەخۆشخانەی شار دەستگیرنەکراوە

 

 

 

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

 

سەرەڕای دەستگیرکردنی شەش کەس لەو باندەی مووچەی فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی شاریان دزی، بەڵام تا ئێستا پلانداڕێژەری کارەکە دەستگیرنەکراوە و لە ئێستادا پۆلیس بەدوایدا دەگەڕێت.

 

نەقیب سەركەوت ئەحمەد وتەبێژەی پۆلیس سلێمانی بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند، لە ئێستادا پۆلیس و ئاسایش بەدوای ئەو كەسەدا دەگەڕێن كە پلانداڕێژەری دزییەکەی مووچەی فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی شارە، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە لەو شەش کەسەی دەستگیرکراون "ئافرەتێکی تێدایە کە ئەندامی لیژنەی مووچەی نەخۆشخانەکەبووە."

وتەبێژی پۆلیس باسی لەوەش کرد کە هەوڵ دەدەن بە زووترین کات ئەو کەسە دەستگیربکەن، "چونکە ئەگەری هەیە زانیاریی نوێ لەبارەی کەسانی دیکەوە بدرکێنێت کە تێوەگلاون لە دزییەکە."

13ی ئەم مانگە، باندێک دەستیانگرت بەسەر ئەو ئوتومبێلەی کە پارەی مووچەی فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی شاری سلێمانییان دەگواستەوە و دەستیانگرت بەسەر سەرجەم پارەکەدا کە بڕەکەی زیاتر لە ملیارێک دینار بوو، دوای کەمتر لە 24 کاتژمێریش شەش ئەندامی باندەکە دەستگیرکران و پارەکەش گەڕێندرانەوە.