گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بڕیارەکە بە نادادپەروەرانە ناودەبات

کۆڕەک داوای لێبوردن لە بەشداربووانی دەکات

2019.03.24 - 18:13
کۆڕەک داوای لێبوردن لە بەشداربووانی دەکات

 

 

ناس کورد-

 

کۆرەک تیلیکۆم داوای لێبوردن لە بەشداربووانی دەکات بەهۆی پچڕانی پەیوەندی کۆمپانیاکە بە کۆمپانیاکانی دیکەی پەیوەندیکردن لە عێراقدا و بڕیارەکەی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراقیش بە "نادادپەروەرانە" ناودەبات.

 

دوای ئەوەی لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆوە سەرجەم تۆڕەکانی پەیوەندیکردن لە عێراق پەیوەندیەکانیان لەگەڵ کۆپانیای کۆڕەک تیلیکۆم ڕاگرت، کۆمپانیای ناوبراو ڕوونکردنەوەیەکی لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم  نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە بڕیارە ئیدارییەکەی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراقەوە دەردەبڕن و ڕایدەگەیەنن دەستەکە "بواری پێویستی نەداوە بە کۆرەک تیلیکۆم بۆ پێداچوونەوە و وەڵامدانەوەی بڕیارەکە".

کۆمپانیاکە باس لەوەش دەکات ئەو بڕیارە "بۆ دروستکردنی فشارە لەسەر کۆمپانیای کۆڕەک بۆ ئیمزاکردنی گرێبەست، کە دەبوایە دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان چاوەڕوانی وەڵامی فەرمی کۆمپانیای کۆڕەکی بکردایە و مۆڵەتی پێویستی بدایە بۆ وەڵامدانەوە".

کۆرەک بڕیارەکە بە "نادادپەروەرانە" ناودەبات و دەڵێت کە "لە بەرژەوەندی هاوڵاتی عێراقی نییە، بەڵکو سزادانی هاوڵاتیان و بێبەشکردنیانە لە خزمەتگوزارییەکان، کە زیان دەگەیەنێت بە بەرژەوەندییەکانیان، لە بری ئەوەی بیری لە چارەسەری گونجاو بکردایەتەوە".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە "ئەوە یەکەمجار نییە کۆمپانیای کۆڕەک تلیکۆم دەکرێتە ئامانج و بڕیاری توندوتیژی بەسەردا دەسەپێنرێت، کە چاوەڕوان دەکرا لە لایەن دەستەکەوە هەموو هاوکاریی و کۆمەکێک بکرایە، چونکە تاکە کۆمپانیای نیشتیمانی عێراقییە و دەستەکەش هاوبەشێکی ستراتیژی کەرتی پەیوەندییەکانە".

لە کۆتاییدا کۆمپانیاکە نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن سەبارەت بەوەی دۆخەکە گەیشتە ئەو سنورە و داوای لێبوردنیش لە هاوبەشەکانی دەکات.

بەپێی ڕێنمایی کۆمسیۆنی گەیاندن و ڕاگەیاندنی عێراقی کە لە هەفتەی ڕابردوودا بڵاوکرایەوە، ڕێنمایی دا بە سەرجەم تۆڕە پەیوەندییەکانی عێراق کە تاوەکو 24/3/2019 پێویستە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆمپانیای کۆڕەک ببچڕێنن، ئەمڕۆش کە کۆتا ڕۆژی مۆڵەتەکە بوو ڕێنماییەکە جێبەجێکراوە.

لە ئێستادا کاتێک بەشداربوویەکی تۆڕەکانی دیکە پەیوەندی بە بەشداربویەکی کۆڕەکەوە دەکات، ئەم دەستەواژەیەت پێدەڵێن: “ببورە ناتوانیت پەیوەندی بەم ژمارەیەوە بکەیت بەهۆی ڕاگرتنی سەرجەم پەوەندییەکانی  کۆمپانیای کۆڕەک لە سەرتاسەری عێراق، کە بەپێی ڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی  ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق جێبەجێکراوە بۆ ماوەیەکی دیارینەکراو”.

بەپێی راگەیاندراوەکەی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق، لە بەرواری 20ی 3ی 2019 ئەوە ڕاگەیەندرا، بەهۆی پابەند نەبوونی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم بە جێبەجێكردنی بەندەكانی تایبەت بە پێدانی مۆڵەتی كاركردن، بڕیاردراوە بە پچڕاندنی پەیوەندیی سەرجەم كۆمپانیاكانی پەیوەندیكردن بە كۆمپانیای ناوبراو.

لە راگەیاندراوەكەدا ئەوەش هاتبوو، هەردوو وەزارەتی پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانیش ئاگاداركراونەتەوە لەرۆژی 24ی ئەم مانگەوە، پەیوەندییەكانیان لەگەڵ كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم بپچڕێنن، کۆمپانیای ڕاگیراویش تا ئێستا هیچ ڕونکردنەوەیەکی بڵاونەکردۆتەوە.