گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

پارتی و یەکێتی کۆبوونەویەکی یەکلاکەرەوە دەکەن

پارتی پێشنیاری چەند وەزارەت و پۆستێکی سەربازی و سیادی بۆ یەکێتی دەکات

2019.03.24 - 17:45
پارتی پێشنیاری چەند وەزارەت و پۆستێکی سەربازی و سیادی بۆ یەکێتی دەکات

 

 

ناس کورد - ئەحمەد مستەفا

 

دووەم کۆبونەوەی شاندە تازەکانی پارتی و یەکێتی لە پیرمام بەرێوەچوو، هەردوولا جگە لەوەی بڕیاریاندا کە 27 مانگ و لە قەزای دوکان کۆببنەوە، نزیکیشن لە ڕێککەوتن.

 

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە زیاد لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەست ناس کورد کەوتووە، لە ئەنجامی نەرمی نواندی پارتی بۆ مەرجەکانی یەکێتی و بەشداریکردنی لە کابینەی نوێی حکومەت، "پێکهێنانی حکومەت نزیکە".

 

سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی شاندی دانوستانکاری یەکێتی  تاڕادەیەک بۆ هەردوو شاند باشتر و بەرهەمدارتربووە، گەرچی شاندی یەکێتی سوور بون لەسەر سەپاندنی مەرجەکانی بۆ بەشداری هاوبەش لە دۆسیەی ئابوری و ئەمنی و پەیوەندییەکانی دەرەوە، بەڵام بە پێشنیارکردنی چەند پۆستێک لەلایەن شاندی پارتییەوە دانوستانەکان هەنگاوێک چونەتەپێش".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە پارتی پێشنیاری بۆ شاندی یەکێتی کردووە، "هەریەک لە پۆستەکانی وەزیری پێشمەرگە، جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی، دەزگای ئاسایش، جێگری وەزیری ناوخۆ و دەزگای زانیاریی وەربگرێت"، ئەوەش بە خالێکی ئەرێنی لەلایەن شاندی یەکێتی بینراوە گەرچی بەشێک لەو پۆستانە ئێستاش لەدەستد ئەو حزبەدان.

 

بەپێی زانیارییەکانی ناس کورد، هەردوولا ئەنجامی کۆبوونەوەی نێوانیان دەبەنەوە بۆ مەکتەبی سیاسی وسەرکردایەتی حزبەکانیان، هەروەها یەکێتی و پارتی بڕیاریاریانداوە کە "27ی ئەم مانگە کۆبونەوەیەکی یەکلاکەرەوە و لە قەزای دوکان ئەنجامبدەن، بەتایبەت یەکێتی دەیەوێت پێش یەکی نیسان بەرچاوی ڕوون بێت،" بەو پێیەی دوای ئەو ماوەیە پارتی دەستدەکات بە هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم.

 

له‌پاش كۆتاییهاتنى كۆبوونه‌وه‌كه‌یانی نێوانیان پارتی و یەکێتی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوەکرد: "ئه‌مڕۆش له‌ورده‌كارى كاركردنى هاوبه‌ش هه‌نگاوى باش نراون و بڕیاردرا لەم هه‌فته‌یه‌دا كۆبوونه‌وه‌ى دیکە ئه‌نجامبدرێت، هه‌ردوولا ئامادەكارى بكه‌ن بۆ سه‌رخستنى پڕۆسه‌ى دانوستان و گه‌شتن به‌ ڕێككه‌وتن".

 

سەرچاوەکەی ناس کورد باس لەوە دەکات کە پارتی دەیەوێت بۆ مەرجەکانی یەکێتی چارەسەر بدۆزێتەوە لە کابینەی حکومەت گەرچی لەسەر خاڵە بنەڕەتیەکانی خۆی سازشی نەکردووە، "بەڵام ڕازیکردنی یەکێتی و بەشداری فراکسیۆنی حزبەکە لە دانیشتنی پەرلەمان لە قۆناخی یەکەمدا هاوکار دەبێت بۆ تێپەڕاندنی هەموار و یاسای سەرۆکایەتی هەرێم کە پارتی مەبەستیەتی لەسەرەتای وەرزی یاساداناندا بۆ راسپاردنی سەرۆکی کابیەنی حکومەت، سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵبژێرێت."