ناس كورد-
بەرپرسێکی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایدەگەیەنێت، ئەو هەزارەها منداڵەی لەسەر فکری داعش پەروەردەکراون مەترسی گەورەن و پێویستیان بە دووبارە پەروەردەکردنەوە و ئامادەکردنیانە بۆ گەڕانەوە بۆ کۆمەڵگا.
سەرەڕای کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی ئەو خاکەی لەژێر دەستی داعشدا بوو، بەڵام هێشتا مەترسییەکانی ئەو ڕێکخراوە و ئەو کەسانەی ساڵانێک لەژێر سایەیدا ژیابوون نەڕەویوەتەوە.
عەبدولكەریم عومەر هاوسەرۆكی نوسینگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە خۆبەڕێوەبەری باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە: "ترسمان لەو هەزارەها چەكدارە بیانیانەی داعش و خێزانەكانیان هەیە كە لە بەندیخانەكانماندان، پێویستە هەرچی زووە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بیانگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتانی ڕەسەنی خۆیان" .
لە ئێستادا هەزاران چەکداری بیانی داعش و خێزانەکانیان لە زیندانەکانی ڕۆژاڤادان کە هاوڵاتی 54 وڵاتی جیاوازن جگە لە عێراقی و سورییەکان.
عەبدولكەریم عومەر باس لەوەش دەکات کە هەزاران منداڵی چەکدارەکانی داعش لە کەمپەکانی ئەوادان کە لەسەر فیكری داعش پەروەردەکراون، "ئەگەر سەر لە نێ پەروەردە و ئامادەنەكرێنەوە لە كۆمەڵگا ڕەسەنەكانی خۆیان، ئەوا دەبنە بۆمبی ئامادەكراو لە دەستی تیرۆرستاندا و هەر كاتێك بیانەوێت دەیانتەقێننەوە" .
جەختیشیکردەوە کە پێویستە هەرچی زووە ڕێگاچارەیەکی بنەڕەتی بۆ ئەو پرسە بدرۆزرێتەوە، "چونکە ئەو بەندکراوانە لەکاتی ڕوودانی هەر شەڕ و ئاڵۆزییەکدا هەوڵی هەڵهاتن دەدەن."
دوێنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دواین ناوچەی ژێر دەستی داعشیان لە سوریا کۆنترۆڵکردەوە و بەو پێیەش کۆتاییان بە دەسەڵاتی داعش لەو وڵاتە هێنا.