گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

گفتوگۆ بۆ لەکارخستنی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا دەستی پێکردووە

پارێزگاری نەینەوا و هەردوو جێگرەکەی لە کار لابران

2019.03.24 - 15:08
پارێزگاری نەینەوا و هەردوو جێگرەکەی لە کار لابران

ناس کورد-

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پارێزگاری نەینەوا و هەردوو جێگرەکەی لە کار لابران.

پاش ئەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نامەیەکدا داوای لە پەرلەمانی عێراق کرد بەهۆی کەمتەرخەمی لە کارەکانیان، بڕیاری لەکار لابردنی پارێزگاری نەینەوا و هەردوو جێگرەکەی دەربکەن، ئەمڕۆ لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا بڕیاری لابردنیان درا.

حەسەن ئاڵی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتیدا بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران دەنگ درا بۆ لەکارلابردنی پارێزگاری نەینەوا و جێگرەکانی".

حەسەن ئاڵی ئەوەشی ئاشکراکرد: "لە ئێستادا گفتوگۆ دەکرێت لەسەر لەکارخستنی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە تەواوەتی".

لەکارلابردنی بەرپرسانی پارێزگای نەینەوا لە کاتێکدایە کە ڕۆژی پێنجشەممەی رابردوو، بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمێکی گەشتیارییەوە لە موسڵ زیاد لە سەد کەس خنکان و دەیانی دیکەش بێسەروشوێن بوونە.