گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

هەرێم نەوتیش ڕادەست نەکات بەشە بودجەکەی هەر بۆ دێت

لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان پرسی مووچە و پشکی هەرێم تاووتوێدەکات

2019.03.24 - 13:45
لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان پرسی مووچە و پشکی هەرێم تاووتوێدەکات

 

ناس کورد- شەهرام عەزیز

بڕیارە سبەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامبدات و ئەندامێکی لیژنەکەش دەڵێت، لە بارەی مووچە و بەشە بودجەی هەرێم کۆدەبنەوە.

 

هێڤیدار ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "سبەینێ لیژنەی دارایی یەکەمین کۆبوونەوەی خۆمان ئەنجام دەدەین و سەرۆکی لیژنەش پێشنیازی کردووە کۆبوونەوەکە تایبەت بێت بە گفتوگۆکردن لەسەر پرسی پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق و مووچەی فەرمانبەران".

 

ئەو پەرلەمانتارە دڵنیاییشی دا بە مووچەخۆرانی هەرێم لە جێگربوونی مووچەکانیان لە بودجەی عێراقدا و ئاماژەی بەوەدا "مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بودجەی عێراقدا جێگیربووە و ئەوانەشی دەڵێن ئەگەر هەرێم نەوت ڕادەستی بەغدا نەکات مووچەی فەرمانبەران دووبارە دەبڕدرێت، ڕاست ناکەن".

 

"ڕادەستکردنی نەوت پرسێکە لە نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا کە چاوەڕوان دەکرێت بەم نزیکانە گفتوگۆی لەسەر بکرێت، بەڵام ئەگەر هەرێم نەوتیش ڕادەست نەکات هیچ ترسێک لەسەر مووچە دروست نابێت"، هێڤیدار ئەحمەد وای وت.

 

لە بارەی هۆکاری ڕادەستنەکردنی نەوتی هەرێم بە بەغدا، ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی پارتی وتی: "کێشەی حکومەتی هەرێم و بەغدا لەسەر نەوت ئەوەیە عێراق بڕی 30 ملیار دۆلاری تەرخان کردووە بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان بەڵام بە ئەو کۆمپانیایانەی نادات کە لە هەرێمن، نەوتی هەرێمیش ئاو نییە حکومەت ڕادەستی بەغدای بکات، هەرکات ئەوان پارەی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمییان دابینکرد ئەوکات هەرێمیش نەوت ڕادەستی بەغدا دەکات".

 

لەبارەی دۆخی ئابوری هەرێم لە دوای جێبەجێکردنی بودجەی 2019ی عێراق هێڤیدار ئەحمەد باسی لەوەکرد ، دۆخی ئابوری هەرێم "%80 گەڕاوەتەوە ساڵی 2013"و باری ئابوری هەرێم لە عێراق و زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە باشترە و پلانمان هەیە بەرەوە باشتریشی ببەین لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمدا.