گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پاش شکستهێنانی لە عیراق و سوریا چەند بەڵگەیەک دەریدەخەن داعش دەیەوێت لە ئەوروپا سەرهەڵدات

2019.03.24 - 08:58
پاش شکستهێنانی لە عیراق و سوریا چەند بەڵگەیەک دەریدەخەن داعش دەیەوێت لە ئەوروپا سەرهەڵدات

 

ناس کورد-

بە گوێرەی چەند بەڵگەیەک کە سەندەی تایمزی بەڕیتانی بڵاوی کردۆتەوە، پاش شکستهێنانی داعش لە عێراق و سوریا، لە ئێستادا ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە لە هەوڵی ئەوەدایە لە ئەوروپا دەست بە چالاکییەکانی بکات لە داهاتوودا.

هەرچەندە هەسەدە سەرکەوتنی بەسەر دوایین مۆڵگەی داعش ڕاگەیاند لە سوریا، بەڵام تا ئێسا کۆتایی هێنان بە داعش ڕانەگەیەنراوە، چەند بەڵگەیەکیش لە دوایین مۆڵگەی داعش دۆزاوەتەوە، پیشانی دەدات داعش بەرنامەی بۆ داهاتوو داڕشتووە.

سەندەی تایمزی بەڕیتانی ئەو بەڵگەیەی بڵاوکردۆتەوە کە دەستیان کەوتووە، ئاماژە بە سەدان چەکداری ڕێکخراوەکە و بودجەکەیان کراوە، هەروەها ناوی "ئەبو تاهر تاجیکی" هێنراوە کە پلانی هاوکاری کردنی ئەندامانی داعشی هەیە لە ئەوروپا، ئەوانەش لە نامەیەکدایە کە لە کانونی دووەمی ئەمساڵدا نوسراوە.

نامەکە دەڵێت، تاجیکی چەند کەسێکی هەیە کە دەیانەوێت لە شوێنە دوورەکان کردەوەکانیان ئەنجام بدەن، بۆیە داوای مۆڵەتی کردووە بۆ ئەوەی لە ئەوروپا دەست بە چالاکییەکانیان بکەن.

ئەو نامەیەی داعش لە هاردێکی شکێنراو دەرهێنراوە، کە ناوی دەیان پەیامنێری داعشی تێدایە، کە داوای مۆڵەتی کردنەوەی نوسینگەیان کردووە لە وڵاتانی ئەوروپا.

لە بەشێکی نامەکە، کە ئاڕاستەی داعشەکانی ئەوروپا کراوە، هاتووە: "بەر لەوەی هەر کردەوەیەک ئەنجام بدەن ئاگادارمان بکەنەوە لە سەر شوێنی بە ئامانج کراو، ئەگەر پەیوەندیەکی پارێزراوتان نەدۆزییەوە، ئەوا خۆتان بێ پرسی ئێمە ئەنجامی بدەن".

 

بەڵگەکانی پەیوەست بە تاجیکی ئەوەی دەرخستووە، کە پلانێکی لە لایەن ئەبوبەکر بەغدادییەوە پێبووە بۆ ئەوەی بیگەیەنێت بە لیژنەکانی بەردەستی، بەڵام بەهۆی کوژرانی ئەندامێکی لیژنەکە پێشکەشکردنی پلانەکەی بەغدادی لە ڕێی تاجیکییەوە دواخراوە بۆ کاتێکی تر.